زووم:
بەستەڵەکی باشوور، ساردترین ناوچەی سەرزەوی، دوورەدەست و گەمارۆدراو بە ئاوی بەستووی دەریا و زەریاکان، لەگەڵ ئەوەی ھیچ وشکانییەک بە ناوچەکانی دیکەی زەوییەوە نایبەستێتەوە، بەڵام لە پاشماوەی زیانبەخشی دەستی مرۆڤ و پلاستیک رزگاری نەبووە.
ئەمە وای لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردووە بۆ یەکەمجار تیمێکی پسپۆڕ رەوانەی ئەو ناوچەیە بکات بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئاستی بوونی پاشماوەی پلاستیکی و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی بابەتێکەوە، کە تائێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچی لەبارەوە نازانێت، گەڕانەکەشیان ناوناوە ھەڵمەتی “وردە پلاستیک”.
پاشماوە پلاستیکییەکان لە کیشوەری بەستەڵەکی باشوور، وەکو ئەو پاشماوانە نین کە ئێمەی مرۆڤ بە چاوی ئاسایی لە کەناری دەریاکان و ناوچە ئاوییەکان دەیانبینین و دەتوانین کۆیان بکەینەوە، بەڵکو قەبارەیان لە پێنج میلیمەتر کەمترە، واتە کەمتر لە قەبارەی دەنکە نیسکێک، بەڵام لەگەڵ بچووکی قەبارەیان کێشەی گەورە بۆ ژیان لەسەر زەوی دروستدەکەن, بۆ نمونە، دەبنە ھۆی زووتر توانەوەی بەستەڵەکەکان، میکرۆب زیاتر دەکەن و دەچنە نێو سەبەتەی خۆراکی زیندەوەرانەوە و مەترسی بۆسەر ژیانیان دروستدەکەن.
لەگەڵ ئەو مەترسیانەشدا، وەکو رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، ھێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زانیاری و داتای پێویستیان لەو بارەیەوە لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
ھەربۆیە کاری ئەم تیمەی ئاژانسەکەیان لە چوارچێوەی ھەڵمەتی “وردە پلاستیک” دەستیپێکردووە، کە ئامانج لێی لێکۆڵینەوەیە لە سروشت و کاریگەریی پاشماوە پلاستیکییەکان و شێوازی جووڵە و بڵاوبوونەوەیان.
تیمەکەی ئاژانسی ئەتۆم سەرەتا لە 22 ناوچەی نزیک لە بنکەی توێژینەوەی (کارلین) لێکۆڵینەوەکەیان لە بوونی پاشماوەی پلاستیکی دەستپێدەکەن، نمونە لە ناوچەی دەریایی، کەناراوە لمینەکان، ھەروەھا لە زیندەوەرەکانیش وەردەگرن.
بوونی پاشماوەی پلاستیکی لەم کیشوەرە دوورەدەستە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2009 دۆزرایەوە، کاتێک ژمارەیەک توێژەر لە زانکۆی تەسمانیا توێژینەوەیان لەسەر نمونەیەکی وەرگیراو لە بەشی رۆژھەڵاتی کیشوەرەکە کرد.
لەو کاتەوە تائێستا، ھیچ زانیارییەک لە بارەی شوێنی ئەو پاشماوە پلاستیکییانە و بڕەکەیان و سەرچاوەی گەیشتنیان بە بەستەڵەکی باشوور نەبووە، بەڵام بەوتەی بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، ئەو زانیارییانەی لەو بارەیەوە کۆیانکردووەتەوە کاریگەریی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی ئەو بڕیارە ژینگەییانەی چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ساڵی 2025 بڕیاری لەبارەوە بدات.