رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
پلانێک بۆ پارەدارکردنى پارێزگا هەژارەکان دادەنرێت
- دەستەى باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانى عێراق، تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ پارەدارکردنى ئەو پارێزگایانەى لە عێراقدا هەژارترینە.
ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکى دەستەکە بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاند، دوای پیکهێنانى سندوقێک، ئەنجومەنى وەزیران رەزامەندی نیشانداوە بە تەرخانکردنى بەشی یەکەمى ئەو پارەیە بۆ پارێزگا هەژارەکانى عێراق، کە پێکهاتووە لە پارێزگاکانى دیوانییە و میسان.
دەڵێت، ئەمساڵ هەندێک پارێزگای دیکەش بۆ ئەو هاوکارییە زیاد دەکرێن.
بەگوتەى فەتلاوى، دیاریکردنى پارێزگا هەژارەکانى عێراق، پشتى بەستووە بە ئامارانەى وەزارەتى پلاندانان کە ساڵی 2014 ئەنجامیداون.
شەرق ئەوسەت
بلینکن داوای رێوشوێنێک لە ئیسرائیل دەکات، بۆ گێڕانەوەى ئاوارەکانى باکووری غەزە
- ئەنتۆنى بلینکن، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا، لەسەردانەکەیدا بۆ تەلئەبیب ، داواى لە بەرپرسانى ئیسرائیل کردووە رێوشوێنێک بدۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکانى باکووری کەرتى غەزە، بلینکن داواشی لە بنیامین ناتنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل کردووە، بگاتە رێککەوتنێکی تازە لەگەڵ چەکدارانى بزووتنەوەى حەماس، بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و دەستبەسەرەکانی نێوانیان.
قودس
فڕۆکە جەنگییەکانى ئوردن، کێڵگەکانى مادەى هۆشبەر لە سوریا بۆردومان دەکەن
- فڕۆکە جەنگییەکانى عەمانى پایتەختى ئوردن، بە چوار هێرشی فڕۆکەوانى کۆمەڵێک کێڵگەى چاندنى مادەى هۆشبەریان لە سوریا بۆردومان کرد، بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو فڕۆکانە چوار کێڵگەى چاندنی مادەى هۆشبەر و شوێنى حەشاردانى ئەو مادە هۆشبەرانەى دیکەى لە ئێرانەوە دێت، بۆردومان کردووەو سێ کەسیش لەو هێرشانەدا کوژراون.
جەریدە
سەرۆکى فەرەنسا هاوڕەگەزخوازێک دەکاتە سەرۆکوزیرانى وڵاتەکەى
- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا، دوای تەواوبوونى سێ ساڵ بەسەر حکومەتى وڵاتەکەى و وادەى گۆڕانکاری وەزارەتەکان، هاوڕەگەزخوازێک وەک سەرۆکى نوێی حکومەت دیاریدەکات، دوای ئەوەى بە فەرمی کۆشکى ئەلیزێ، دەستلەکارکێشانەوەى ئەلیزابیس بۆرنی قبوڵکرد، ئیمانوێل ماکرۆن، گابرێل ئاتالی راسپارد بۆ سەرۆکایەتیکردنى کابینەى نوێی حکومەت.
گابرێل ئاتال، کابینەى پێشوو پۆستى وەزیری پەروەردەی هەبوو، لەم کابینە نوێیەش، پۆستى سەرۆکوەزیرانى پێسپێردراوە.
ئاتالی 34 ساڵ، دەبێتە گەنجترین سەرۆکوەزیرانى مێژووی فەرەنسا و ئەو لە چەندین چاوپێکەوتن و لێدواندا گوتویەتى کە هاوڕەگەزخوازە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، وەک هەوڵێک بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، گەنجێکی 34 ساڵ دەکات بە سەرۆکوەزیران
- ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، گەنجێکی ناسراوی وڵاتەکەی بەناوی گابریێل ئاتال، کە تەمەنی 34 ساڵە و وەزیری پەروەردە بووە، کردە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، ئەمەش لەکاتێکدایە ماکرۆن دەیەوێت دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کاندید بکاتەوە.
هەڵبژاردنی ئەو گەنجە، وەک شۆکێک دەبینرێت لەلایەن هاوڵاتییانی فەرەنساوە، چونکە ئەو گەنجترینی کابینەکەیە و بەراورد بە وەزیرەکانی دیکە ئەزموونی لە هەموویان کەمترە.
واشنتن پۆست
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەرخەریی دابەشبوونێکی سیاسییە لەبارەی غەزە
- سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی حکومڕانی غەزە لەدوای شەڕەکە و کاتی گەڕانەوەی هاوڵاتییان بۆ باکووری کەرتەکە ناکۆکن.
پرسێی دیکە ناردنی ئەو باجانەیە کە ئیسرائیل پێش شەڕەکە لە هاوڵاتییانی غەزەی وەرگرتووە و وەزیری دارایی دەڵێت، تاوەکو ئەو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە ئەو پارانە ناگەڕێنێتەوە بۆ فەلەستینییەکان، بەڵام بلینکن رایگەیاند، “ئەو داهاتانە هی فەلەستینییەکانە و دەبێت بۆیان بگەڕێندرێتەوە”.
ئۆرشەلیم پۆست
لە سێ تەقینەوەی جیادا لە غەزە، نۆ سەربازی ئیسرائیلی کوژران
- سوپای ئسیرائیل رایگەیاند، نۆ سەربازی وڵاتەکەی لە سێ رووداوی جیاوازدا لە غەزە کوژران و هەشتی دیکە برینداربوون. شەش سەربازیان لە تەقینەوەیەکدا کوژران، کە نزیکە لە سەکۆیەکی ژێرزەمینی هەڵدانی موشەک.
کوژرانى ئەو سەربازە ئیسرائیلییانە ژمارەی تەواوی کوژراوانی سەربازی وڵاتەکە لەدوای دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە گەیاندە 187 سەرباز.
عەرەب نیوز
ئەمریکا داوا لە ئیسرائیل دەکات رێگەیەک دروستبکات بۆئەوەی دەوڵەتێکی کارا و خۆڕاگری فەلەستینی دابمەزرێت
- ئەنتۆنى بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داوای لە سەرکردەکانی ئیسرائیل کردووە لە شەڕی غەزە خۆیان لە ئازاردانی هاوڵاتییانی مەدەنی بپارێزن و رێگە خۆش بکەن بۆئەوەی دەوڵەتێکی فەلەستینی خۆڕاگر و کارا دابمەزرێت.
ئەم داوایەی بلینکن دوای سەردانەکانی دێت بۆ وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات کە داوایان کردبوو چارەسەرێکی ریشەیی و درێژخایەن بۆ شەڕی فەلەستین بدۆزرێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جیهانی سەنعەت
سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دەڵێت، زۆرینەى کاندیدەکانى پەرلەمان رەتکراونەتەوە و دۆخەکە دژوارتر بووە
- حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرا دوای قسەکانی خامنەیی، زۆرێک لە کاندیدەکان قبوڵ بکرێن، بەڵام وەک بینیمان زیاتر لە نیوەیان رەتکراونەوە.
روحانی دەڵێت، رەتکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کاندیدەکان کاریگەرى نەرێنی لەسەر رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دادەنێت و ئەوەش کارەکەی سەخت و دژوار کردووە.
شەرق
دەزگای دادوەریی ئێران بۆ گەڕانەوەی ئێرانییانی نیشتەجێ لە دەرەوەی وڵات ئاسانکاری دەکات
- موحسن ئیژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دەبێ متمانە بە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات بکەین و بۆ گەڕاندنەەیان بۆ وڵات کارئاسانی بکرێت.
ئیژەیی گوتی، پێویستە کارمەندانی باڵوێزخانەکانی ئێران لە وڵاتان و کارمەندانی فڕۆکەخانەکان لە ئێران، بەڕێزەوە رەفتار لەگەڵ ئێرانیانی دەرەوەی وڵات بکەن.
عەبدوڵڵا لاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە قسەکانی ئیژەیی رایگەیاند، سەرۆکی دەزگای دادوەریی وڵات هەمیشە هەوڵی داوە ئێمە کار لەسەر گەڕانەوەی خەڵکی خۆمان لە دەرەوەی وڵات بکەین، بەتایبەتی کەسانی پسپۆر، کە لە وڵاتی خۆیان خزمەت بکەن و بۆ ئەم کارەش هەمیشە منی راسپاردوە ئەو متمانەیە بە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات بدەم بگەڕێنەوە وڵات.
ئێعتماد
هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل لە ئارادایە
- ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکەنەوە.
لە تازەترین سەردانیدا بۆ چەند وڵاتێکی عەرەبی، بلینکن لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەب بە بۆچوونێکی هاوبەش گەیشتووە و لەم رۆژانەدا سەردانی ئیسرائیل دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەر لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە رێگەی وڵاتێکی عەرەبییەوە پەیامی بۆ ئێرانیش ناردووە.
بلینکن سەرەتا ئەم بیرۆکەی بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بە دانیشتن لە گەڵ ریاز و بووژانەوەی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانى سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردووە.
ئەبرار
پنتاگۆن رایگەیاند، هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوەى هێزەکانیان لە عێراق نییە
- پاتریک رایدێر، جەنەڕاڵى هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاند، 2500 سەربازمان لە عێراق هەیە، تائێستا هیچ پلانێکمان بۆ بردنەدەرەوەی سەربازەکانمان لە عێراق نییە.
ئەو گوتی، ئێمە لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەدا ماوینەتەوە و ئەرکمان لەناوبردنى داعشە.
رۆژنامە تورکییەکان
سهباح
ئیسرائیل له غهزه 112 رۆژنامهوانی كوشتووه
- ئیسرائیل بێ جیاوازیی سڤیلهكان و میدیاكارانی كوشتووه. دیمهنى کارکردنە رۆژنامەنووسان لە غەزە تۆقێنەرە، له ماوهی 94 رۆژدا 112 رۆژنامەنووس كوژراون و وڵاتانى رۆژئاواش تهماشا دەکەن.
سۆزجو
تهماشای ئهو نهخشهیه بكه كه له هۆڵهكهدا ههڵواسراوه
- سهیری ئهو نهخشهیه بكه كه لهو هۆڵهدا ههڵواسراوه تێیدا ئهمریكا مهشق به “ناپاكهكان” دهكات. سوپای ئهمریكا وێنهكانی مهشقكردنی به یهپهگه-پهكهكه بڵاوكردهوه. لهنێو وێنهكاندا لهسهر دیوارهكه نهخشهیهک بهدی دهكرێت، كه تێیدا هاتای خراوهته سهر سووریا. دیسان ورووژاندن ههیه. هاتایان خستووهته سهر سووریا بۆ ئهوهی بیدهن به “تیرۆریستان”.
جمهورییهت
بڕیارهكهی پهیوهست به جان ئاتالای له پهرلهمانه
- بڕیارهكهی دادگای باڵاى تورکیا، پهیوهست جان ئاتالا، به پهرلهمانتاری پارتی كرێكارانی توركیا، كه وهڵامی دادگای دهستووریی دایهوه له پهرلهمانه. ئهوهش زانراوه ههریهک له ئهردۆغان و باخچهلی داوایان لهنومان كورتوڵموش، سهرۆكی پهرلهمانى تورکیا كردووه بڕیارهكه له كۆبوونهوهی پهرلهماندا بخوێنێتهوه. ئهگهر بڕیارهكه بخوێنرێتهوه ئهندامێتی ئاتالای له پهرلهمان نامێنێت.
ئهڤرهنسهل
له ماوهی 13 رۆژدا 13 دۆلار
- كهمترین مووچه كه بووهته تێكڕای مووچه له توركیا بهرلهوهی بچێته نێو گیرفانهكانهوه لهبهرامبهر دۆلاردا 2% بههای لهدهستدا. ههموو رۆژێک دۆلارێک له مووچهكه دهبێتهوه. ئهمهش دوای ئهوهی حكومهتى تورکیا دهستی شلكردووه پهیوهست به نرخی دۆلار بهرامبهر بە لیره له ساڵی تازەدا. كهمترین مووچه له ماوهی 13 رۆژی رابردوودا له 580 دۆلارهوه بووهته 567 دۆلار.