چەند رۆژێکە هەردوو ویلایەتی کارۆلاینای باکور و باشور و ویلایەتی ڤێرجینیا روبەڕوی گەردەلول و لافاوی “وێرانکەر” بوونەتەوە، دوێنێ گەیشتە ویلایەتی فلۆریدا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. زریانەکە ناونراوە نیکۆل.
لە ناوچەی ڤەڵوشای فلۆریدا، کە ناوچەیەکی کەنار دەریایە، بەهۆی شەپۆلی دەریا و زریانەکەوە 49 هۆتێل و باڵەخانە داڕماونەتە نێو دەریاوە.
بەهۆی زریانەکەوە شەپۆلی گەورە بە بەرزی نزیکەی دوو مەتر لە کەنار دەریاکانی ئەو ویلایەتەی داوە و بەهۆیەوە دانیشتووانی ئەو باڵەخانانەی سەر کەنار دەریاکە ماڵەکانیان چۆڵکردووە و بەچاوی خۆیان بینیویانە ماڵەکانیان بۆ نێو دەریاکە داڕماون.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی زریانە گەورەکە لە فلۆریدا، قوتابخانە و زانکۆکان داخران و سەدان گەشت هەڵوەشێندرایەوە و فڕۆکەخانەکان کارەکانیان راگرت.
بەهۆی زریانەکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ویلایەتە بێ کارەبا بوون، چەندین ستون و تاوەری کارەبایی کەوتونەتەخوارەوە، کە بەهۆیەوە دوو لەو پێنج کەسەى گیانیان لەدەستداوە، هۆکارەکەى تەزوی کارەبا بووە.
ئەم زریان و گەردەلولانە دیاردەی کەشوهەوای نامۆ نین بەو ناوچەیە. سەرەتای مانگی رابردوو، 119 کەس لە فلۆریدا بەهۆی زریانی ئیەنەوە گیانیانلەدەستدا، ئەمەش لە دوای ساڵی 1935ەوە، بە زۆرترین قوربانی دادەنرێت لە مێژووی فلۆریدا.