زووم:
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، (پنتاگۆن) رایگەیاند، ئێستا هیچ پلانێکمان نییە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق، کە ژمارەیان 2500 سەربازە.
پاتریک رایدەر گوتەبێژى پنتاگۆن لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئاگاداری هیچ پلانێک نیم بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئارادا بێت. “ئێمە سەرنجمان لەسەر تێکشکاندنی داعشە و بەردەوام دەبین”.
رۆژى 4ـى ئەم مانگە ئەمریکا بارەگایەکى سەر بە حەشدى شەعبی لە بەغداد بۆردومان کرد و ئەبو تەقوا، فەرماندەى بزووتنەوەى نوجەبا کوژرا. دواى هێرشەکە دەنگى ناڕەزایەتى بە ئاڕاستەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بەرزبووەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ دەستکردن بە پرۆسەی کشاندنەوەى هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەدا.
ئاگاداریی هیچ داواکارییەکى فەرمیی عێراق نیم بۆ پنتاگۆن نێردرابێت لەبارەی کشانەوەی هێزەکانمان لە وڵاتەکە
جەناڕاڵ پاتریک دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە، “ئاگاداریی هیچ داواکارییەکى فەرمیی عێراق نیم بۆ پنتاگۆن نێردرابێت لەبارەی کشانەوەی هێزەکانمان لە وڵاتەکە”.