زووم:
هەرچەندە رێژەی بەشداریی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی بەنگلادیش کەمتربوو لە 40%، شێخ حاسینا، ژنە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ پێنجەم خول هەڵبژێردرایەوە، لەکاتێکدا پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد و سەرۆکوەزیرانیش بە “رێکخراوێکی تیرۆریستی” ناویبردووە.
شێخ حاسینای 76 ساڵ، دوای هەڵبژاردنەوەی، دەبێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن لە جیهاندا بۆ درێژترین ماوە لەپۆستەکەیدا مابێتەوە، هاوکات بەنگلادیش، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 170 ملیۆن کەسە، دەبێتە یەکەم وڵاتی ئاسیا لە ساڵی 2024دا هەڵبژاردنەکانی تێدا ئەنجامدرابێت.
لە هەڵبژاردنەکەدا 120 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزیاتییان و بایکۆتی پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە، تەنها 40%ی بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کردووە.
هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئاڵۆز و ناسەقامگیریی سیاسیدا بەڕێوەچوو، شرۆڤەکارانی وڵاتەکە دەڵێن، فشارێکی زۆر خراوەتە سەر پارتی ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش وایکردووە شێخ حاسینا 75%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئەم خاتوونە، پێشتر لە ساڵی 1996ــەوە تا ساڵی 2001 لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا بووە و دواتریش لە ساڵی 2009وە تا ئێستا لەو پۆستەدا ماوەتەوە.
چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردنەکە، هەزاران ئەندام و سەرکردەی پارتی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن دەسەڵاتی وڵاتەکەوە دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە، لە دەرەوەی زیندانەکانیش خۆپیشاندەرانی ئۆپۆزسیۆن رووبەڕووی زەبروزەنگی زۆری هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە بوونەوە، دۆخی ئۆپۆزسیۆن هێندە خراپە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لانیکەم نۆ سەرکردەی پارتەکە لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
تاریق رەحمان، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە، کە لە لەندەن دەژی، داوای کرد هەڵبژاردنەکە لەژێر سایەی حکومەتێکی راگوزەردا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەگوێی نەکرا، بۆیە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، ئیدانەی هەڵبژاردنەکانی کرد و بە شوورەیی بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە بەنگلادیش ناویبرد.
هەرچەندە شێخ حاسینا، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە گەشەسەندنی ئابووری و پیشەسازیی وڵاتەکەیدا کە رۆژانێک بەدەست برسێتییەوە دەیناڵاند، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دژبەرە سیاسییەکانی حکومەتەکەی بەوە تۆمەتباردەکەن پێشێلکاریی مافی مرۆڤی کردووە و وڵاتەکەی بەرەو حوکمی تاکڕەویی بردووە.
بەڵام سەرۆکوەزیرانە ژنەکە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەهۆی سیاسەتەکانی ئەوەوەیە وڵات کەوتووەتە سەر رێچکەی سەقامگیریی و گەشەسەندنی ئابووری.
سەرەڕای کێشە سیاسییەکان، وڵاتەکە هێشتا کێشەی ئابووریشی هەیە و ساڵی رابردوو بە بەهای پێنج ملیار دۆلار قەرزی لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کردووە.