زووم:
بەرپرسانی وڵاتی ژاپۆن دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەی یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە چارەنووسییان نادیارە، گەشتووەتە 323 کەس، 168 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی ژاپۆنی دەشڵێن، گەڕان بەدوای بێسەروشوێنانی بومەلەرزەکەی ژاپۆن بەردەوامە، پارێزگاری ئیشیکاواش دەڵێت: تائێستا لە شارۆچکەی واجیما 281 کەس چارەنووسیان نادیارە، دەیان خانوو رووخاون و ناوچەیەکی زۆریش بووە بە ژێر لیتەوە.
ئەوەی رەوشەکەی ئاڵۆزکردووە ئەو بەفرە زۆرەیە لە ژاپۆن باریوە و رێگری لە کارە فریاگوزارییەکان دەکات، لەکاتێکدا تا ئێستا 323 کەس چارەنووسیان نادیارە و دوو هەزار کەسی دیکەش بێ ماڵ و حاڵ بوون و چەند ناوچەیەکیش کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەیان پێناگات، هەروەها یەکلابووەتەوە تا ئێستا 168 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەشاری سوزو ژنێکی تەمەن 90 ساڵ ماوەی پێنج رۆژ لەژێر داروپەردوی رووخاوی ماڵەکەیدا مابووەوە، رزگارکرا.