زووم:
سێ مانگ لەمەوبەر، دوای هێرشەکەی حەماس، بنیامین ناتانیاهو لەبەردەم گەلەکەیدا بەڵێنێکی دا، گوتی، کۆتایی بە حەماس دەهێنێت، ئێستا سێ مانگ بەسەر بەڵێنەکەی ناتانیاهودا تێپەڕیوە، ئیسرائیل باکووری غەزەی کۆنترۆڵکردووە و لە ناوەڕاست و باشووریش لەپێشڕەویدایە، بەڵام هیچ قسەیەک لەبارەی کۆتایی حەماسەوە نییە.
لەبارەی سێ مانگی جەنگ و کۆتاییهێنان بە حەماس، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، لە زاری چەند شرۆڤەکارێکی ئەمریکییەوە دەڵێت، “ئەوەی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی غەزەدا دەستیکەوتووە ئاماری ئەوتۆ نین بۆ سوپایەک کە بیەوێت بزووتەنەوەیەکی سیاسی لەناوببات کە بەشێوەیەکی قووڵ رەگی داکوتاوە”.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، سەرکردایەتیی سوپای ئیسرائیل لەوە گەیشتوون لە باشترین دۆخدا دەتوانن تواناکانی حەماس سنووردار بکەن، نەک کۆتایی پێبهێنن، لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە رایانگەیاند، شەڕ بە درێژیی ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت.
کێشەکان روو لە زیادبوونن
کەناڵە ئەمریکییەکە باسیشی لە فراوانبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کێشە ناوخۆییەکانی ئیسرائیلی کردووە، دەڵێت، “کێشەکان روو لە زیادبوونن”.
راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، لەزاری شرۆڤەکارانەوە دەڵێت، بەڵێنەکەی ناتانیاهو بۆ لەناوبردنی حەماس خواستێکی زەحمەت و مەحاڵە، چونکە ئەم هەوڵە چەندین جاری دیکە شکستی هێناوە.
هەفتەی رابردوو یوئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پلانی قۆناغی داهاتووی شەڕی راگەیاند، کە لە باکووری غەزە خۆی لە تێکدانی تونێڵەکانی غەزە و نەهێشتنی چالاکییە ئاسمانی و زەمینییەکانی حەماس دەبینێتەوە، هەروەها بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس لە باشووری کەرتەکە.
بۆیە شرۆڤەکاران بە سی ئێن ئێنیان گوتووە، ئامانجی راستەقینەی ئیسرائیل لە ئێستادا کەمکردنەوەی توانا جەنگییەکانی حەماسە، لەکاتێکدا پێناسەی سەرکەوتن بۆ ئێستای ئیسرائیل ئەوە نییە سەرکردەکانی حەماس بکوژێت یان دەستگیریان بکات، بەڵكو سەرکەوتن ئەوەیە ئیسرائیل دڵنیابێتەوە لەوەی چیتر حەماس توانای ئەوەی نەبێت حکومڕانیی کەرتی غەزە بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا سی ئێن ئێن پێیوایە، ئیسرائیل بە تەواوەتی ئامانجی کوشتنی سەرکردەکانی حەماسیشی بەدەستنەهێناوە، مانگی رابردوو وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەڵێنیدا یەحیا سنوار لەناوبەرێت، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە لەڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانییەوە تەنانەت شوێنی سنوار دیاری بکات.