زووم:
ساتی رزگارکردن و دەرهێنانی ژنێکی سەرو 90 ساڵە لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەیدا لە شارۆچکەیەکی رۆژئاوای ژاپۆن، دوای ئەوەی یەکەمی رۆژی ساڵی نوێ بومەلەرزە بەشێکی شارەکەی خاپوورکرد.
رزگارکردنی ئەم ژنە بەساڵاچووە رووداوێکی دەگمەنە، چونکە بۆ ماوەی 124 کاتژمێر، واتە پێنج رۆژ، لەژێر خانووە رووخاوەکەیدا ماوەتەوە، بێ ئاو، بێ نان!
ماڵی ئەم ژنە دەکەوێت شارۆچکەی سوزو لە پارێزگای ئیشیکاوای ژاپۆن، خانووەکەی ئەویش بەهۆی بومەلەرزە 7.5 پلەکەی دووشەممەی رابردوو خاپوور بووە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ژنەکە دۆخی تەندروستی باشە، بەڵام قاچەکانی برینداربوون، هەروەها یەکێک لە ئەندامانی ئەو تیمەی ژنەکەیان رزگارکردووە دەڵێت: پڕۆسەی رزگارکردنەکەی دوو کاتژمێری خایاندووە و کاتێک ژنەکەیان دۆزیووەتەوە قاچەکانی لەژێر کەلوپەلەکانی ماڵەکەیدا و لە مەودایەکی تەنگەبەری هەردوو قاتی یەک و دووی ماڵەکەیدا گیریان خوارد بوو.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە بە پێوەری رێختەر، نیمچە دوورگەی نۆتۆ لە پارێزگای ئیشیکاوای ژاپۆنی هەژاند، بومەلەرزەکە لە قوڵایی 100 کیلۆمەتر لە ئاوەکانی دەریای ژاپۆن روویدا و لە دووری 300 کیلۆمەترەوە دانیشتووانی تۆکیۆی پایتەخت هەستیان پێکرد.
هەرچەندە بەگوێرەی دوایین ئاماری دەسەڵاتدارانی ژاپۆن، لانی کەم 126 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان بەراورد بە گوڕی بومەلەرزەکە زۆر نییە.
لە دوای بومەلەرزەکەی ساڵی 2016ی ناوچەی کۆمامۆتۆ لە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، کە 276 قوربانیی لێکەوتەوە، بومەلەرزەکەی ئەمجارە زۆرترین قوربانیی لێبکەوێتەوە و هێشتا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانییەکان لە ئارادایە، چونکە زیاتر لە 200 کەس بێسەروشوێنن و پێدەچێت لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریانخوارد بێت.