زووم..
حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەران دەکات، ئامانج لە هەڵمەتەکە رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەکان.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی سەباح، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەسپێکردووە و پشکنین بۆ هێزە ئەمنییەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەت دەکەن.
رۆژنامەکە دەشڵێت، یەکەمجارە هەڵمەتێکی لەو شێوەیە لە عێراق جێبەجێدەکرێت و ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری مادە هۆشبەرەکانە، کە لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هاوکات ئەمیر مەعمووری، ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان هەوڵ بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 دەدات و دەیەوێت سزاکانی ئەو کەسانە قورستر بکات، کە بانگەشە بۆ مادەی هۆشبەر دەکەن یان بازرگانی پێوە دەکەن، هەروەها سزای بەکارهێنەرەکانی کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2023دا تاکو مانگی ئابی ئەو ساڵە، 12 هەزار کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بانگەشەکردن بۆ ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.