زووم..
هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل وێنەیەکی نوێی محەمەد زەیف، فەرماندەی کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەستیان بەسەر ملیۆنان فایلی هەواڵگریدا گرتووە.
ئەوە دووەم وێنەیە کە ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی غەزە بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، وێنەی محەمەد زەیفە، بەگوێرەی وێنەکە کە دانیێڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بڵاویکردەوە، زەیف هەندێک دۆلاری ئەمریکی پێیە و شەربەتێکی سووری بەدەستەوەیە.
دانیێڵ دەشڵێت، زانیاریی تازەیان لایە کە زەیف تەندروستی باشە، تەنها لە چاوێکیدا کێشەی هەیە و بەلایەکیشدا دەشەلێت.
دەشڵێت، لەناو ئەو کۆمپیوتەرانەدا کە لە غەزە دەستیان بەسەرداگرتووە 70 ملیۆن بەڵگەی هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە دەکرێت سوودی لێ ببینن.
دانیێڵ هاگاری گوتیشی، “بۆ سەرکەوتنی کردە سەربازییەکان لە غەزە، پێویستە لەوە تێبگەن کە حەماس چۆن کاردەکات. حەماس بە شێوەیەکی چڕ تونێلەکانی ژێر زەوی بەکاردەهێنێت، چەکدارەکانی بە جلی مەدەنی و بەبێ چەک دێن و دەچن.”