زووم:
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆککۆمار و هاوتا تورکییەکەی کۆبوویەوە پێش ئەوەی بەرەو یۆنان بڕوات.
سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیی ئەمریکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی نێوان بلینکن و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا 75 خولەکی خایاندووە و لە یەکێک کۆشکەکانی ناوبراو لە گەرووی بسفۆڕ ئەنجامدراوە، دواتر بەجیا لەگەڵ هاوتاکەی، هاکان فیدان، کۆبووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە، کە فیدان داوای “وەستاندنی بەپەلەی شەڕی” لە کەرتی غەزە کردووە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنراوێکیدا رایگەیاند، ئەردۆغان و بلینکن تاوتوێی دۆخی غەزە و بەئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆیان کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بلینکن جەختیکردووەتەوە لەسەر “پێویستی رێگریکردن لە فراوانبوونی بارگرژییەکان و زیادکردنی کۆمەکییە مرۆییەکان و کەمکردنەوەی قوربانیانی مەدەنی، هەروەها کارکردنی بۆ بەرپاکردنی ئاشتیی هەمیشەیی و هەنگاونان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.”
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئەردۆغان کردووە پرۆسەی بەئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ تەواو بکەن.
بڕیارە بلینکن ئەمشەو سەردانی یۆنان بکات، پاشان بۆ سبەینێ، دەچێتە ئورودن و پاشان بۆ ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوا و چەند ولاتێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی غەزە کە سێ مانگە بەردەوامە.
بلینکن دەیەوێت داوا لە وڵاتان بکات پەیوەندییەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پەیامی واشنتن بگەیەننە تاران بەوەی ئەمریکا نایەوێت جەنگەکە فراوان بێت، بەڵکو لە چوارچێوەی بەرگریی لە خۆی دەمێنێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی بەرپرسێک بۆ فرانس پرێس.
هەینی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆردومانی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغداد کرد و بەهۆیەوە ئەبوتەقی، بەرپرسی باڵای بزوتنەوەی نوجەبا کوژرا، دواتر پنتاگۆن بەرپرسیارێتی راگەیاند و گوتی، ئەبو تەقی بەرپرسە لەو هێرشانەی دەکرێنەسەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا.