زووم:
لە چەند رۆژی رابردوودا راپۆرتی هەڕەشە و ئاشکراکردنی زانیاریی تاکەکەسیی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وشەی “کوتلێت” بەکاردەهێنن لە ئێران بڵاو کراوەتەوە.
“کوتلێت” ناوی خواردنێک و زاراوەیەکە کە نەیارانی حکومەت بەهۆی شێوازی کوژرانی قاسم سولەیمانی دەیگێڕنەوە و بە گوتەی بەشێک لە بەکارهێنەران، بووە بە “هێڵی سوور”ی کۆماری ئیسلامی.
چەند رۆژ پێش ئێستا پزیشکێکی پسپۆڕی منداڵان لە شاری بۆجنۆرد بەتۆمەتی “سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان” دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی “کوتلێت” لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام دەستگیرکرا.
ئەمە یەکەمجار نییە هاوڵاتییەک بەهۆی بەکارهێنانی وشە یان وێنەی “کوتلێت” دەستگیر بکرێت.
ساڵی رابردووش نەواب ئیبراهیمی چێشتلێنەر و بلۆگەری ئێرانی بەتۆمەتی فێرکردنی شێوازی لێنانی ئەم خواردنە دەستگیرکرا.
ناوبراو دوای بڵاوکردنەوەی فێرکاری چۆنیەتی لێنانی کوتلێت لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراو و بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە و چێشتخانەکەی لە تاران داخرا و هەژمارەکەی لە ئینستاگرام سڕدرایەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لە بەرامبەر ئەم رووبەڕووبوونەوە توندوتیژانەدا، بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا لە ساڵیادی کۆچی دوایی قاسم سولەیمانیدا، هەڵمەتی لێنانی کوتلێت و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانییان دەستپێکردووە.
شێوازی کوژرانی قاسم سولەیمانی بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە بەکارهێنەران بەراوردی بکەن لەگەڵ کوتلێت کە لەلایەن بەکارهێنەرانی دیکەی سۆشیال میدیاوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا.