زووم:
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەنەوە سەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، هێرشەکەی پێنجشەممەی رابردووش بە کارێکی پێویست ناودەبات.
جۆ بایدن لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە دەرەوە و ناوخۆ و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە دەرەکییەکان، ئەو هێرشە سەربازییەیان ئەنجامداوە.
بایدن هێرشەکەی بە رێکارێکی پێویست ناوبردووە و دەڵێت، لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا گونجاوە و بۆ بەرگریلەخۆکردن بووە، بۆیە ئەگەر پێویست بکات، ئامادەن رێکاری زیاتر بگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەک رووبەڕوویان دەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئەمریکا لە ناوەندی شاری بەغداد بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر چەکدارەکانی گرووپی نوجەبا، کە بەشێکن لە حەشدی شەعبی و دوو فەرماندەی گرووپەکە کوژران.