زووم:
جەلال جەوهەر ئەندامى پێشووى خانەى راپەڕاندنى بزووتنەوەى گۆڕان دەڵێت، دەبێت دەسەڵاتەکانی پارێزگای کەرکوک بە شێوەیەکی دادپەوەرانە دابەشبکرێت بەسەر پێکهاتەکانی کەرکوک بە جۆرێک هیچ پێکهاتەیەکی لێبێبەش نەکرێت، چونکە بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەچاوناکرێت بۆ دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى حکومەتی خۆجێیەتی پارێزگای کەرکوک.
جەلال جەوهەر، لە نووسینێکدا ئاماژەى بەوەشداوە، دەبێت ئەو حەوت لایەنە سیاسییەی کورسیان بەدەستهێناوە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تێگەیشتنی هاوبەش دروست بکەن و بسازێن، و هەر چوار پێکهاتەکە (کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشور) لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان ڕێکبکەون وحکومەتی خۆجێیەتی پارێزگای کەرکوک دروست بکەن.
راشیگەیاندووە، دابەشکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هەر دەبێت رێوشوێن و بنەمایەکی بڕواپێکراوی هەبێت، من رێوشوێن و پێوەرێکی چاکتر لە ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی کورسی بەدەستهاتووی هەر پێکهاتەیەک بەدی ناکەم بۆ بارودۆخی زەحمەت و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کەرکوک.
تەواوى نووسینەکەى جەلال جەوهەر لەبارەى دابەشکردنى پۆستەکانى پارێزگاى کەرکوک:
بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣، لە یاسای هەموارکراوی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (١٢)ی ساڵی (٢٠١٨) بێ، دەبێ ئەو حەوت لایەنە سیاسییەی کورسیان بەدەستهێناوە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تێگەیشتنی هاوبەش دروست بکەن و بسازێن، و هەر چوار پێکهاتەکە (کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشور) لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان ڕێکبکەون وحکوموتی خۆجێیەتی پارێزگای کەرکوک دروست بکەن.
دەسەڵاتە سەرەکیەکانی پارێزگاکان بریتین لە:
پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، جێگری پارێزگار (کارگێڕی و هونەری)، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و بڕیاردەر، قائیمقامی ناوەندی کەرکوک و قەزاکانی حەویجە و داقوق و دووبز، بەڕێوەبەرایەتە گشتیەکان (پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ،…) سەرۆکایەتی شارەوانی کەرکوک، شارەوانیەکان (قەزاکان)، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک،…
بەپێی بڕگەی چوارەم لە مادەی (١٣)ی (کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک)یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٣)، کە ئەمە دەقەکەیەتی: (دەسەڵات دابەش دەکرێ بە دادوەرانە، بەجۆرێ هاوبەشی پێکهاتەکانی پارێزگا مسۆگەربکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.)
دەبێ دەسەڵاتەکانی پارێزگای کەرکوک بە شێوەیەکی دادپەوەرانە دابەشبکرێ بە سەر پێکهاتەکانی کەرکوک بە جۆرێ هیچ پێکهاتەیەکی لێبێبەش نەکرێ، و بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەو پارێزگایە.
بێگومان دابەشکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانەش هەر دەبێ ڕێوشوێن و بنەمایەکی بڕواپێکراوی هەبێ، چاکترین پێوەر و بنەماش بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی خۆجێیەتی پارێزگای کەرکوک، ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی کورسی بەدەستهاتووی هەر پێکهاتەیەکە لەو چوار پێکهاتەی پارێزگای کەرکوک.
من ڕێوشوێن و پێوەرێکی چاکتر لە ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی کورسی بەدەستهاتووی هەر پێکهاتەیەک بەدی ناکەم بۆ بارودۆخی زەحمەت و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کەرکوک.
بەپێی مێژوو بێ کورد لە پارێزگای کەرکوک هەمیشە زۆرینە بووە لەچاو پێکهاتەکانی تر ، لە ماوەی حکومڕانی یەکەم (١٩٦٣/٢/٨- ١٩٦٣/١٠/١٨) و دووەمی (١٩٦٨-٢٠٠٣)بەعسیەکان، توانیان بەپێی سیاسەتی گۆڕینی باری دیمۆگراڤی وپاکتاوکردنی کورد لە پارێزگای کەرکوک باری دیموگرافی پارێزگای کەرکوک بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەی عەرەب.
بەپێی ئامارە کارپێکراوەکانی ئێستای پارێزگای کەرکوک بێ لە ماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوو لە دوای لە گەرانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان، ڕیزبەندی ڕێژەی پێکهاتەکانی دانیشتوانی پارێزگای کەرکوک بەم شێوەیە بووە:
کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشوری.
ڕیزبەندی کورسی پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکوک لە ساڵانی (٢٠٠٥ تا ١٨-١٢-٢٠٢٣)، کورد هەر لە پێشەوە بووە، لە هەڵبژاردنەکانی (١٨-١٢-٢٠٢٣)یش ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوە:
کورد (٧) کورسی، عەرەب (٦) کورسی، تورکمان (٢) کورسی، کلد و ئاشوریش (١) یەک کورسی کۆتا.
بەپێی ئەم دوو پێوەرە بێ، پێکهاتەی کورد لە هەردووکیان زۆرینەیە بە بەراورد لەگەڵ هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی تری پارێزگای کەرکوک.
بەپێی دەستور و یاسا بەرکارەکان بێ، دەسەڵاتی قەزایی و جێبەجێکردن لە عێراق بەرپرسیارە لە چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەی چوارەم لە مادەی (١٣)ی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٣)، تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزاکانی عێراق.