بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ئێران، کە بڕیارە مانگى ئازارى داهاتوو بەڕێوەبچێت، نزیکەى نیوەى ئەو کەسانەى خۆیان کاندیدکردبوو داواکارییەکانیان رەتکرایەوە.
هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوورى ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 21 هەزار کەس داواکارى کاندیدبوونیان پێشکەشکردبوو، بەڵام تەنها 52%ـی کاندیدە شیاوەکان پەسەندکراون.
تەنها 52%ـی کاندیدەکان پەسەندکراون
هادی تەحان بە میدیاکانى ئێرانى گوتووە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراون و ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ هەر کورسییەک لە پەرلەمان 38 کەس لە بازنەکانی هەڵبژاردندا رکابەری دەکەن.
بەگوێرەی قسەکانی ناوبراو لە کۆی 275 پەرلەمانتاری ئێستا کە ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تۆمار کردبوو، 26 پەرلەمانتاریان پەسەند نەکراون و ناتوانن خۆیان بەربژێر کەن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە یەکەمی مانگی ئازاردا بەڕێوە دەچێت بەمەبەستی دیاریکردنی 290 نوێنەر بۆ چوار ساڵی داهاتووی دوانزەهەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامی.