زووم:
مقاومەى ئیسلامى لە عێراق کە بە گروپەکانى نزیک لە ئێران هەژماردەکرێن رایگەیاند، ئەمڕۆ جارێکى دیکە بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بنکەى سەربازیی هەریریان لە پارێزگاى هەولێر بە ئامانج گرتووە، دژە تیرۆریش هێرش بۆسەر بنکەکە پشتڕاستدەکاتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان/ پارتى رایگەیاند، کاتژمێر( 4:30 )ـى ئێوارەی رۆژی هەینی لەڕێگەی درۆنێکی بۆمبرێژکراوەوە هێرشکراوەتەسەر بنکەی هەریری سەربازیی لە پارێزگای هەولێر، بەڵام ئاماژە بە زیانەکانى هێرشەکە نەکراوە.
بەگوێرەی ئامارێک کە ئەمڕۆ هەینی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لەدوای هێرشەکانی حەوتى ئۆکتۆبەرى حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل، تائێستا لانیکەم 115 هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق، بەهۆی “پشتیوانیکردنی ئەمریکا لە پرۆسە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە” وەکو گروپەکانى بەرەى مقاومە باسى دەکەن.
تاوەکو ئێستا، مقاومەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، راگەیاندووە.
هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆى سەر بنکەى سەربازیی هەریر کە هێزەکانى ئەمریکاى تێدا جێگیرکراوە پاشئەوە دێت، دوێنێ پێنجشەممە ئەمریکا بارەگەیەکی حەشدی شەعبی لە شەقامى فەڵەستینی بەغداد بۆردومانکرد و بەهۆیەوە “ئەبوتەقوا سەعیدی”، جێگری ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لەبەغداد کوژرا.