بەهۆی بوونی کێشەی تەکنیکی لە سوکان و سیستەمی قفڵکردنی دەرگاکانیدا، کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی بەنیازە 1.6 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چینەوە بکشێنێتەوە، ئەوەش گورزێکی کوشندەیە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکە کە لە رکابەرییەکی تونددایە لەگەڵ کۆمپانیای بی وای دی چینی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا.
دەستەی رێکخستنی بازاڕەکانی چین لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئامانج لە کشاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی چاککردنی کێشەکانی تایبەت بە پڕۆگرامی ئەلیکترۆنی سوکان و هەروەها سیستەمی قفڵکردنی دەرگای ئۆتۆمبێلەکەیە.
دەشڵێت، ئۆتۆمبێلەکان کە ژمارەیان 106 ملیۆنە بە دوو وەجبە دەکشێنرێنەوە، سەرجەمیان لە جۆری “ئێس”ـن و مۆدێلی 2023 و 2024ـن.
بە گوێرەی دەستەی رێکخستنی بازاڕەکانی چین، بوونی کێشە لە سوکانی ئۆتۆمبێلەکەدا “مەترسی بۆسەر گیانی شۆفێری و سەرنشینەکان دروستدەکات”.
لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووشدا، تێسلا دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی لە بازاڕەکانی ئەمریکا کشاندەوە بەهۆی کێشەیەک لە سوکانەکانیاندا.
هەرچەندە تێسلا کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، بەڵام کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە شەنگهای لە چین هەیە و تەنها لە ساڵی 2023دا، زیاتر لە 900.000 ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمهێناوە، ئەوەش بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵیی چینی تازە.
لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2023دا، بڕاندی ئۆتۆمبێلی بی وای دی چینی زۆرترین فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ناو چیندا هەبووە.