زووم..
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەى هێرشەکەی دوێنێی ئەمریکا بۆسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغداد رایگەیاند، حکومەتی عێراق تاکە لایەنی بەرپرسیارە لە سەپاندنی سەروەریی عێراق و لەئێستادا سەرقاڵی دانانی وادەیەکن بۆ تاوتوێکردنی نەمانی یەکجارەکیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
سودانى ئەمڕۆ هەینی لە ڕێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانى ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران کە لە بۆردومانێکی ئەمریکییەکان لە بەغداد کوژران گوتی، حەشدی شەعبی هێزێکی فەرمی سەر بە دەوڵەتە و بەشێکی دانەبڕاوە لە هێزە چەکدارەکان.
گوتیشی، “چەندینجار جەختمان لەو کردووەتەوە کە لە ئەگەری روودانی هەر پێشێلکاری و دەستدرێژییەک لە لایەنێکی عێراقییەوە، حکومەتی عێراق تاکە لایەنی بەرپرسیارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانە و سەپاندنى یاسا.”
روونیشیکردەوە کە “پێویستە هەمووان لەڕێگەی حکومەتەوە کاربکەن، نابێت هیچ کەسێک پێشێلی سەروەریی عێراق بکات، سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانەش دەکەین کە هێزە ئەمنییەکانمان بە ئامانج دەگرن.”
گوتیشی، عێراق بە رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژی و پەیوەندی دیبلۆماسی بە ئەمریکاوە بەستراوەتەوە، بەڵام هێرشەکەی دوێنێ پێشێلی بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کردووە.
باسی لەوەشکرد کە “حکومەت سەرقاڵی دانانی وادەیەکە بۆئەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا وادەیەک دیاریبکەن بۆ کشانەوە و نەمانی یەکجارەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق”.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەرپرسیارێتی لە هێرشەکەی دوێنێی بەغداد بۆسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی راگەیاند کە بووەهۆی کوژرانی ئەبوتەقی کە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی بزوتنەوەی نوجەبایە و گوتی، ناوبراو بەرپرسیارە لە هێرشەکان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، هێزە عێراقییەکان هاوکاریان بوون لە هێرشەکەدا، بەڵام ئەمڕۆ هەینی تۆڕی راگەیاندنی ئاسایشیی سەر بە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لێدوانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای رەتکردەوە و گوتی، “دەستدرێژییەکەی دوێنێی بەغداد راستەوخۆ و بەبێ زانیاریی هیچ لایەنێکی سەربازی و ئاسایشیی عێراق ئەنجام دراوە.”
گوتیشی، “دەستدرێژییەکەی دوێنێ زیان بە کۆی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت و دەستدرێژییەکی روونە بۆسەر ئەو ئەرکەی کە لە پێناویدا دروستبووە”