زووم..
یۆئاف گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار پلانی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لە غەزە ئاشکراکرد سەرباری بەردەوامی بۆردومان و کردە سەربازییە چڕەکانی بۆسەر کەرتەکە.
پلانەکە بە “رۆژی دواتر” ناسراوە و ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئەمڕۆ سەردانی ئیسرائیل دەکات، گاڵانت لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پلانەکەی بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکراکرد.
گالانت گوتی، “حەماس چیتر حوکمی غەزە ناکات و ئیسرائیلیش حوکمی هاووڵاتیانی مەدەنی غەزە ناکات.”
گوتیشی، “خەڵکی غەزە فەلەستینین، بۆیە لەلایەن کەسانی فەلەستینییەوە بەڕێوەدەچێت بەڵام بە مەرجێک ئەو کەسە بەڵێن بدات کە هیچ دوژمنایەتییەک یاخود هەڕەشەیەک لە دەوڵەتی ئیسرائیل ناکات،” بەڵام ئەو لایەن و کەسانەی دیاری نەکرد کە دەتوانن حوکمی کەرتەکە بکەن کە 2.4 ملیۆن کەسی تێدایە.
ئاشکراشیکرد، بە گوێرەی پلانەکە، کردە سەربازییەکان لە کەرتی غەزە بەردەوام دەبن تا کاتی “گەڕاندنەوەی بارمتەکان” و “تێکشکاندنی توانای سەربازیی و حکومداریی حەماس” و “نەهێشتنی هەڕەشەی سەربازی لە کەرتی غەزەوە.”
گوتیشی، لەدوای ئەوە قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات کە قۆناغی “رۆژی دواتری جەنگە”، واتە قۆناغێک کە چیتر “حەماس کۆنتڕۆڵی غەزە ناکات.”
هەر بە گوێرەی پلانەکەی گاڵانت، “هیچ دەسەڵاتێکی مەدەنی ئیسرائیلی لە غەزە نابێت دوای تەواوکردنی ئامانجەکانی جەنگ، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئازادی تەواوی دەبێت بۆ جموجۆڵکردن لەناو کەرتەکە ئەگەر هەستی بە هەر هەڕەشەیەک کرد.