زووم:
کەمیی مووچە پزیشکانی بەریتانیای ناچار بە بایکۆت کرد
لە مێژووی بەریتانیادا نەبووە لە کەرتی تەندروستیدا شەش رۆژ مانگرتن رابگەیەنرێت، بۆیە ئەمە دەبێتە درێژترین ماوەی مانگرتنی پزیشکان.
پەککەوتنی شەش رۆژی کەرتی تەندروستی لە بەریتانیا، پێشبینیی ئەوەی لێدەکرێت مەترسیی کارەساتبار بۆ کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە دروست بکات، کە خۆی هەر لە بنەڕەتدا بەدەست کەمیی کارمەندەوە دەناڵێنێت.
مانگرتنەکە، کە رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، بەهۆی کێشەیەکی درێژخایەنە لەنێوان حکومەت و پزیشکانی تازەدامەزراوی وڵاتەکە، پزیشکە تازەکان لە مووچەکانیان رازی نین و پێیان وایە کەمە، ئەمەش ناکۆکیی خستووەتە نێوان کۆمەڵەی پزیشکانی بەریتانیا و حکومەتی وڵاتەکە.
کۆمەڵەی پزیشکانی بەریتانیا دەڵێت، پزیشکە تازەدامەزراوەکان لە ئینگلتەرا، بەگوێرەی ئەو هەڵاوسانەی لە وڵاتەکە هەیە و بەراورد بە نرخی شمەک لە ساڵی 2008، مووچەکانیان بەڕێژەی 26% کەمیکردووە، واتا هەڵاوسانەکە بەهای مووچەکانیانی کەمکردووە و بەشی کرێ و خەرجییەکانی ژیانیان ناکات، بۆیە داوادەکەن مووچەکانیان بەڕێژەی 35% زیادبکرێت، بەڵام حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، لەتوانایاندا نییە مووچەکانیان زیادبکەن.
ئەم ناکۆکییە لەکاتێکدایە ساڵی رابردووش لە مانگی تەمووزدا بەهەمان شێوە پزیشکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەسەر هەمان پرس مانیان گرت، دوای ئەوەش حکومەت مووچەکانیانی بەڕێژەی 8.8% بەرزکردەوە، بەڵام پزیشکان دەڵێن، هێشتا ناتوانن بەو بڕەپارەیە خۆیان لەگەڵ هەڵاوسانەکاندا هاوسەنگبکەنەوە.