زووم:
لە ساڵی رابردوودا لە تورکیا، هەڵاوسانی ساڵانە بەڕێژەى زیاتر لە 64% بەرزبووەتەوە.
دوایین راپۆرتی دەستەى لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) ئامارەکانی ئاشکراکردووە، لە ساڵی 2023دا نرخی شمەک و کاڵا بەراورد بە 2022 بەرزتربووەتەوە و هەڵاوسانەکە گەیشتووەتە 64.77%.
بەرزبوونەوەی نرخ لە تورکیا بەشێوەیەکە، تەنها لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوودا هەڵاوسان 4.12% بووە.
تورکیا ساڵی رابردوو لە بازرگانیی دەرەکیشدا کورتهێنانی هەبووە و لە 12 مانگی ساڵی 2023دا کورتهێنانەکە گەیشتووەتە 106 ملیار دۆلار.تەنها لە مانگی کانوونی یەکەمدا کورتهێنانە بازرگانییەکە 6.1 ملیار دۆلار بووە، بەراورد بە بەراورد بەهەمان مانگی ساڵی 2022، بەڕێژەی 37% کەمیکردووە.
هەر لە 2023دا حکومەتى تورکیا نرخی سوتەمەنى و کحول و جگەرەى بەرزکردەوە، نرخى لیترێک بەنزین 2.75 لیرە بەرزبووەوە، هەرزانترین پاکەتى جگەرە بە 54 لیرە و هەرزانترین ویسکیش بە 615 لیرەى تورکیە.
لەگەڵ بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان و گرانبوونی پێداویستییەکان، حکومەتى تورکیا ناچاربوو مووچەى فەرمانبەر و خانەنشینان بەڕێژەى 49.25% زیادبکات.
لەوبارەیەوە ڤەدات ئیشیکهان وەزیرى کار و ئاسایشى کۆمەڵایەتى رایگەیاند، حکومەتەکەیان بەگوێرەى رێژەى 64.7%ی هەڵاوسان مووچەى فەرمانبەرانى بۆ 2024 زیادکردووە.
بەگوێرەى بڕیارەکەى حکومەت، کەمترین مووچەى فەرمانبەرى دەوڵەت لە 22 هەزار لیرەوە بۆ 34 هەزار و 215 لیرەى تورکی بەرزکراوەتەوە، کە بەنرخى ئەمڕۆ دەکاتە هەزار و 148 دۆلار.
هەروەها بەرزترین مووچە بۆ فەرمانبەرانى دەوڵەت پڕۆفیسۆرەکان وەریدەگرن و لە نزیکەی 48 هەزار لیرەوە بۆ 71 هەزار و 805 لیرە بەرزبووەتەوە، کە بەنرخى ئەمڕۆ دەکاتە دوو هەزار و 410 دۆلار.