زووم..
بۆ یەکەمجار دوای نزیکەی 70 ساڵ، ئاستی دەردانی گازی ژەهراوی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەڵمانیا کە خاوەنی گەورەترین پیشەسازییە لە ئەوروپا، بۆ نزمترین ئاست دابەزی.
بەگوێرەی ئامار و شیکردنەوەکانی گروپی تایبەتمەندی Agora Energiewende، لە ساڵی 2023دا، دەردانی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە 673 ملیۆن تۆن، ئەوەش کەمترین ئاستە لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە، لەکاتێکدا رێژەکەی لە ساڵی 2022دا گەیشتبووە 746 ملیۆن تۆن.
یاسای پاراستنی کەشوهەوا لە ئەڵمانیا بەرزترین ئاستی بۆ دەردانی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنی لە ساڵێکدا بە 722 ملیۆن تۆن جێگیرکردووە، بەڵام دابەزاندنی ئاستەکە بۆ کەمتر لەو ئاستەی دیاریکراوە هەنگاوێکی ئەرێنیی حکومەتی ئەڵمانیایە لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئەو کەمبووەنەوەیە لە ئاستی دەردانی گازەکان، 46% کەمترە لە ئاستی دەردانی گازەکان لە ساڵی 1990، کە لەو ساڵەدا ئاستی دەردانی گازەکان کەمیکردووە، بەڵام هێشتا بەرلین رێگەیەکی دوورودرێژی ماوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی دەردانی گازەکان بەڕێژەی 65% تاکو ساڵی 2030.
پسپۆڕان دەڵێن، هۆکاری ئەو کەمبوونەوەیە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە لەڕێگەی بەکارهێنانی خەڵوزەوە، هەرچەندە لە ساڵی 2022ـەوە ئەڵمانیا ئاستی بەکارهێنانی خەڵوزی بەرزکردەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی وەستانی کڕینی غازی سروشتی لە روسیا بۆی دروست بوو بوو، بەڵام سەرکەوتووانە لە ساڵی 2023 نەک هەر ئاستی بەرهەمهێنانی کەمکردەوە، بەڵکو گەڕاندیەوە بۆ ئاستی شەستەکانی سەدەی رابردوو.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ئەڵمانیا لە ساڵی 2023دا کارەبای زیاتری لە وزەی نوێبوەوە بەرهەمهێناوە کە بەگوێرەی ئاژانسی فیدڕاڵیی تۆڕەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی کارەبای لەو وزەیە، بە تایبەت لە با و تیشکی خۆر، گەیشتووەتە %55، لە کاتێکدا ساڵی 2022دا رێژەکەی 48% بووە.
بە پێچەوانەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە خەڵوز بۆ 26% کەمیکردووە لە کاتێکدا ساڵی 2022 رێژەکەی 34% بووە.