زووم..
لەبارەى هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی بەغداد، حکومەتی عێراق هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانێت و دەڵێت، ئەو کارە دەبێتەهۆی تێکدانی هەموو لێکتێگەیشتنەکان.
گوتەبێژێک بەناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکردنێکی روونی سەروەری و ئاسایشی عێراقدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە هێرشێکدا کە هیچ جیاوازی نەبوو لە کردەوە تیرۆریستییەکان، بارەگایەکی ئەمنی لە بەغدادی پایتەخت کردە ئامانج.
دەشڵێت، هێرشەکە قوربانی لێکەوتەوە و ئەو کارەش بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانێت لەو هێرشە بێ بیانووە بۆسەر لایەنێکی ئەمنیی عێراقی کە بەگوێرەی یاسا و رێساکان کاریکردووە.
هۆشداریشی داوە کە ئەو کارە هەموو لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێک دەدات.
دەشڵێت، هێرشەکە پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەستدرێژییە بۆسەر عێراق و دوورە لەو ئەرکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەپێناویدا دروست بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی بەغداد بۆردومانی بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەلەستین لە بەغداد کرا و بەهۆیەوە ئەبوتەقی، جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پشتێنی بەغداد کە سەر بە حەشدی شەعبییە کوژرا