زووم..
کەمێک لەمەوپێش بۆردومانی بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەلەستین لە بەغداد کرا و بەهۆیەوە فەرماندەی لیواکە کوژرا.
ئاکام فەهمی، زوومی بەغداد رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، دوو فەرماندەی حەشدی شەعبی و چەند چەکدارێک کوژراون کە یەکێکیان ئەبوتەقی فەرماندەی لیواکەیە.
هەروەها، بزوتنەوەی نوجەبا کوژرانی ئەبوتەقی، جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پشتێنی بەغداد کە سەر بە حەشدی شەعبییە پشتراستکردەوە و رایگەیاند: لە بۆردومانێکی ئەمریکا ئەبوتەقی، جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پشتێنی بەغداد شەهید بوو.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی و بەرپرسێکی حەشدی شەعبییەوە دەڵێت، بۆردومانەکە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە کراوە.
دەشڵێت، ئەو بارەگایەی کراوەتە ئامانج دەکەوێتە ناو کۆمەڵگەیەکی سەربازی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بارەگاکە تایبەتە بە چەکدارانی بزووتنەوەی نوجەبا کە بەشێکن لە حەشدی شەعبی.