زووم..
موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، قۆناغی قەرەبووکردنەوەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان هەنگاوی باشی بڕیوە
موسەنا ئەمین لە لێدوانێکیدا بۆ زووم گوتی، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی بەغداد شایستە داراییەکانی ئەو دوو چینە دابین بکات.
گوتیشی، سەرباری جێگیرکردنی مادەی قەرەبووکردنەوەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم لە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیندانیانی سیاسیی عێراق، بەڵام تائێستاش جێبەجێنەکراوە.
گوتیشی، داوایانکردووە ئەو هاوڵاتیانەی هەڵەبجە و شارەزور و هەورامانیش کە ئاوارەی ئێران بوون وەک زیندانی سیاسی هەژمار بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش یاساکە هەمووارکراوەتەوە و ئامادەیە بنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پاشان پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
موسەنا ئەمین ئەوەشی گوت کە لەدواین سەردانیاندا لەگەڵ سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی بۆ بەغداد، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی ئەرێنی هەبووە و پێی راگەیاندوون بەدواداچونی جدی بۆ ئەو بابەتە دەکەن.