زووم..
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەندێک لەو وڵاتانە کۆببێتەوە، بە تایبەت ئیسرائیلییەکان.
بەگوێرەی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە بە مەرجی ناونەهێنان قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە، سەردانەکە بەشێکە لە هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا کە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و غەزەوە دەستیپێکردووە.
بەرپرسەکە گوتووشیەتی، ئامۆس هۆچستەین، نێردەی دیبلۆماتی ئەمریکی یاوەریی وەزیری دەرەوە دەکات و ئامانجەکەشی هەوڵدانە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا.
ئەوە چوارەم سەردانی بلینکنە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە کە ناوبراو شەوی پێنجشەممە دەست بە گەشتەکەی دەکات و هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی ئەو سەردانەوە نەزانراوە.
سەردانەکە لەکاتێکدایە ئیسرائیل لە هێرشێکدا لە پایتەختی لوبنان سەکردەیەکی باڵای حەماسی کوشت و حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵڵاش هۆشداریی توندی دایە ئیسرائیل کە بەبێ وەڵام تێپەڕنابێت.
لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەیکرد، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە دەبینرێت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی مرۆیی غەزە کە ناردنی هاوکارییەکان و ئازادکردنی بارمتەکان مسۆگەر بکات.
پێش ڕاگەیاندنی سەردانەکەی بلینکن، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە لە ترسی وڵاتەکەی لە بارەی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
میلەر گوتی،”ئەوە لە بەرژەوەندی هیچ کەس و وڵاتێکی ناوچەکەدا نییە، لە بەرژەوەندی هیچ وڵاتێکی جیهانیشدا نییە کە ببینین ئەم ململانێیە زیاتر لەوەی ئێستا هەیە پەرەی سەندووە”.