زووم:
تەواوی شەقامەکانی شاری کرمانیان تەنیبوو بۆ ئەوەی چوارەمین ساڵیادی پرسە گەورەکەیان بکەنەوە، بەڵام خۆشیان بوونە پرسەیەکی دیکە.
ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران تێپەری کە لەلایەن ئەمریکییەکان و لە فڕۆکەخانەی بەغداد کوژرا، ناوبراو لە کرمانی باشوری ئێران لەدایکبووە و گۆڕەکەشی هەر لەوێیە.
لە گەرمەی گوتنەوەی دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا، مەرگ بۆ ئیسرائیل و لە کاتژمێر 2:50 خولەکی عەسردا، بۆمبێک لەناو ئاپۆڕای خەڵکیدا تەقییەوە.
تەقینەوەکە بووەهۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک، ئیتر بەرە بەرە خەڵکی لە شوێنی تەقینەوەکە کۆبوونەوە بۆ گواستنەوەی تەرم و هاوکاریکردنی برینداران، نیو کاتژمێر دواتر و پاش ئەوەی ناوچەکە پڕبوو لە خەڵکی، تەقینەوەیەکی دیکە لە نزیک تەقینەوەی یەکەم روویدا!
بەگوێرەی دواین ئامار، زیاتر لە 100 کەس لە هەردوو تەقینەوەکەدا کوژراون و زیاتر لە 180 کەسیش برینداربوون.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە تەسنیمی رایگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی کوژراون یاخود برینداربوون لە تەقینەوەی دووەمدا بوون، چونکە خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری تەقینەوەی یەکەم کۆبوونەتەوە و پاشان تەقینەوەی دووەمی روویداوە.
تائێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، وەزیری ناوخۆی ئێرانیش دەڵێت چەند سەرەداوێکیان دەستکەوتووە بەڵام بەهۆی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان، هیچ شتێک ئاشکرا ناکەن.
ئاژانسی هەواڵیی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گوتی، هەردوو تەقینەوەکەلەڕێگەی تەقاندنەوەی بۆمب لە دوورەوە ئەنجامدراون.
میدیا ئێرانییەکانیش سێ گێرانەوەیان هەیە لەبارەی سروشتی تەقینەوەکان، یەکەم ئەوەیە کە بۆمبەکان لەناو سەتڵی زبڵدا دانراون و لە دوورەوە تەقێنراونەتەوە، دووەمیش دەڵێت کە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پژۆ لەناو ئاپۆڕای خەڵکەکەدا تەقیوەتەوە.
گێڕانەوەی سێیەمیش ئاماژە بەوەدەکات کە خۆکوژێک لەکاتی پشکنیندا لەلایەن پاسەوانەکان، خۆی تەقاندووەتەوە.
ئیراهیم رەیسی، سەرۆککۆماری ئێران تەقینەوەکانی بە تیرۆرستی ناوبرد و رایگەیاند، تۆڵەسەندنەوە لەوانەی بەرپرسیارن حەتمییە، دواتریش ماتەمینی گشتیشی لە وڵات راگەیاند.