زووم
بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتیمانی ئاشکراکرد، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو شاندى حزبەکەى و شاندى پارتی دیموکرات، گفتوگۆکانیان بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەستپێدەکەن.
مەجید محەمەد ئەمین بەرپرسی مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەراوێزی بەشداری لە مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانى لە لێدوانێکی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وتى: پاش ئەوەی لە ناوچە دابڕاوەکان وانەیەکی گەورەمان وەرگرت، ئەمجارە پارتی و یەکێتی پێکەوە لە پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی لەو ناوچانە بەشداردەبن.
بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی وتیشى: پارێزگاری داھاتووی کەرکوک پێویستە کوردبێت و جگە لەوە ھیچ دەرفەتێکی تر نییە، سووربوونى حزبەکەشى بۆ ئەو پرسە دووپاتکردەوە.
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە، 18ى مانگى رابردوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە 15 پارێزگاى عێراق بەڕێوەچوو، کە بە گوێرەى ئەو ئەنجامەى کۆمسیۆن وەک ئەنجامى کۆتایی رایگەیاندووە، یەکێتى لە کەرکوک پێنج و پارتى دوو کورسییان بەدەستهێناوە، ئەوەش لە کۆى 16 کورسى ئەنجومەنەکە.