زووم:
ساڵ 2023، بوومەلەرزەیەک لە تورکیا و باکووری کوردستانی دا، گوڕەکەی 7.7 پلە بوو و زیاتر لە 59 هەزار کەس بوونە قوربانی، ساڵ 2024ــیش، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە ژاپۆنی هەژاند و تا ئێستا 62 گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە.
جیاوازیی ژمارەی قوربانیانی هەردوو بوومەلەرزەکە وای لە رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی کردووە لە مانشێتی ژمارەی ئەمڕۆدا بنووسێت “لای ئێمە 50 هەزار و لە ژاپۆن 55 کەس”، بەو پێیەی ژمارەی قوربانییەکان تا شەوی رابردوو 55 کەس بوو، پرسیاری ئەوە دەکات بۆچی لە تورکیا قوربانیانی بومەلەرزە هەزار ئەوەندەی وڵاتانی پێشکەوتووە؟.
ژاپۆن، تورکیا و باکووری کوردستان لەو وڵاتانەن، کە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەن، لە مێژووی هەردوو وڵاتدا کارەساتی گەورە کەوتوونەتەوە.
لە تورکیا، بومەلەرزەکەی ساڵی 1999 لە ناوچەی مەڕمەڕە 17 هەزار و 118 کەس بوونە قوربانی، ساڵی 2011 لە وانی باکووری کوردستان 604 کەس بوونە قوربانی و لە بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووشدا، کە گوڕەکەی 7.7 پلە بوو، لە باکووری کوردستان و تورکیا 59 هەزار و 259 کەس بوونە قوربانی.
ئەوەی جیاوازیی نێوان تورکیا و ژاپۆن دیاریدەکات، بوونی یاسا و رێکاری تایبەت بە بوومەلەرزە و ئەو راهێنانە تایبەتانەیە، کە لە قوتابخانەکاندا بە خوێندکاران دەکرێت، لەکاتێکدا تورکیا تائێستا یاسا و رێکارێکی پتەوی بۆ دروستکردنی باڵەخانە و رێگریکردن لە رووخانی بینا و باڵەخانەکان لەکاتی بوومەلەرزەدا نییە.
دکتۆر بولانت گۆچمەن، قسەی بۆ رۆژنامەی حوڕییەت کردووە لەبارەی جیاوازیی ژمارەی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و ژاپۆن، دەڵێت، تائێستا لە تورکیا مۆڵەت بە یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێت کە لەسەر خاکی فشەڵدا دروستبکرێت، ئەوە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان.
پسپۆڕە تورکییەکە ئەوەی بەبیرهێناوەتەوە، کە لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 1923ی ژاپۆن، 100 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، لە دوای ئەو کارەساتە، حکومەتی ژاپۆن رێکاری توندی گرتووەبەر بۆ رێگریکردن لە قوربانیی بوومەلەرزە، تەنانەت ژێرخانی پتەویان بۆ شارەکانیان دروستکرد، بەڵام وەک ئەوەی دکتۆر بولانت دەیڵێت، تائێستا لە تورکیا هیچ هەنگاوێک لەوبارەیەوە نەنراوە، بۆیە بەپێویستی دەزانێت تورکیا چاو بە کەرتی بیناسازیدا بخشێنێتەوە.
رۆژنامەی حوڕییەت لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، بەرپرسیارێتیی خراپیی کوالێتیی بینا و یەکەکانی نیشتەجێبوون، هەموو کۆمپانیا بیناسازییەکان، بەڵێندەرەکان، بەپرسانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی بیناسازیی دەگرێتەوە.