زووم..
لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، ئیسرائیل هێرشی درۆنیی کردە سەر نوسینگەیەکی حەماس، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەکە و دوو هاوەڵی کوژران.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان تەقینەوەیەک روویداوە، تەقینەوەکە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بووە و نوسینگەیەکی بزووتنەوەی حەماسی کردووەتە ئامانج.
لە هێرشە درۆنییەکەی ئیسرائیل، ساڵح ئەلعاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و دوو هاوەڵی کوژراون، هەر زوو بزووتنەوەی حەماسیش کوشتنی بەرپرسەکە و هاوەڵەکانی پشتراستکردەوە.
حەماس دەڵێت، دوو هاوەڵەکەی عاروری لەنێو کەتیبەکانی قەسامدا فەرماندە بوون.
بەگوتەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، بڕیاربووە ساڵح ئەلعاروری لەگەڵ حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان کۆببێتەوە.
هەر ئەمشەو، لوبنان بڕیاریدا دژی هێرشە درۆنییەکە سکاڵایەک لە ئەنجومەنی ئاسایش تۆماردەکات.
لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیران داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە لەسەر هێرشە درۆنییەکە سکاڵایەکی بەپەلە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات.