زووم:
لە هەرێمی کوردستان بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایل و ئینتەرنێت تۆماردەکرێن و وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت: هەر کەسێک سیمکارتی نایاسایی بفرۆشێت سزا دەدرێت.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێمی رایگەیاند، لە رێگەی لیژنەکانی قایمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردن لە وەزارەتی ناوخۆ، دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت و دەسەڵاتدراوە بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بۆئەوەی لە سنوورەکانیان مامەڵەکانی تۆمارکردنی بریکارەکان دەستپێبکەن.
میرانى وتیشی، هەر بریکارێک بەگوێرەی سریاڵ نەمبەر سیمکارتی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پێدەدرێت و بەرامبەر یاسا بەرپرسیارە چۆن مامەڵە بەو سیمکارتانەوە دەکات، هیچ سیمکارتێکیش ناهێنرێتە هەرێمی کوردستان ئەگەر سریاڵ نەبمەرەکانی لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە رێگەی پێنەدرابێت.
هێمن میرانی راشیگەیاند، سزای دارایی گەورە بۆ هەرکەسێک دانراوە کە لە دەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ مامەڵە بە سیمکارتەکانەوە بکات، هەروەها پێویستە برکارەکانی فرۆشتنی سیمکارت مۆڵەتیان هەبێت و لیژنەکانی قایمقامییەتیش بە بەردەوامی چاودێری بازاڕەکان دەکەن.