زووم:
بەگوێرەی ئاماری بەرپرسانی تورکیا، لە ساڵی 2023دا و لە سەرانسەری ئەو وڵاتە، زیاتر لە 247 هەزار کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراوە، کە 8.516 کۆچبەریان عێراقی بوون.
تورکیا دەروازەی ئەوروپایە بۆ زۆرێک لە کۆچبەرانی عێراق و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێیدەگوترێت رێگای رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە کۆچبەران لێیەوە خۆیان دەگەیەننە یۆنان، بولگاریا یاخود راستەوخۆ بەرەو ئیتاڵیا.
فەرماندەیی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا ئاماری دەستگیرکردن و رزگارکردنی کۆچبەرانی لە 2023دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەنها لە دەریای ئیجە، 25 هەزار و 889 کۆچبەری نایاسایی رزگارکراوە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یۆنانەوە ناچارکراون بەرەو ئاوەکانی تورکیا بگەڕێنەوە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، زیاتر لە 25 هەزاری دیکە لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەی نایاسایی لە تورکیاوە دەستگیرکراون، 180 کەسیش بە تۆمەتی قاچاغچێتییکردن بە کۆچبەرانەوە دەستگیرکراون.
پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا راشیگەیاندووە، چوار هەزار و 962 کۆچبەر، کە لە دەریادا گیریانخوارد بوو، داوای بەهاناوەچوونیان کردووە، رزگارکراون، تەرمی ژمارەیەک کۆچبەریان دۆزیوەتەوە، کە خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ساڵی 2023دا، 247.024 کۆچبەر لە سەرانسەری تورکیا دەستگیرکراون، بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، 38.000 کەمیکردووە.
لەو ژمارەیەی، کە وەزارەتەکە رایگەیاندووە، 8.516 کۆچبەریان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون، کە ساڵ لەدوای ساڵ ئاماری دەستگیرکردنی کۆچبەرانی عێراق لە تورکیا زیاد دەکات، بۆ نمونە لە ساڵی 2014دا تەنها 1728 کۆچبەر بووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، 67.463 لەو کۆچبەرانەی دەستگیرکراون خەڵکی ئەفغانستان بوون، بەدوای ئەوان سورییەکان دێن، کە 56.526 کۆبەر بوون.
لە ماوەی ساڵانی 2005 تا 2023 و بە سەرنجدان لە ئامارەکە دەردەکەوێت، دەستگیرکردنی کۆچبەران لە ساڵی 2019دا گەیشتووە بە لووتکە و لەو ساڵەدا 454.662 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، بوونە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ئامارە لە ساڵانی 2020 و 2021دا.