زووم:
لە ساڵی 2023دا، ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە فەڕەنساوە و بە نۆکەندی ئینگلیزیدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا 36% کەمیکردووە.
بە گوێرەى ئاماری فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ساڵى 2023دا، 29.437 کۆچبەرى نایاسایی بە بەلەمی چووپەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، لەکاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی 2022دا 45.778 کۆچبەر بوو، واتە یەک لەسەر سێ کەمیکردووە.
دوایین تێپەڕبوونی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزیدا لە 16ی کانوونی یەکەمی رابردوو تۆمارکرا کە تێیدا 55 کەس بە بەلەمێکی چووپییەوە و لە فەڕەنساوە دەربازی بەریتانیا بوون.
ساڵانە دەیان کۆچبەر لە ئاوەکەدا دەخنکێن کە دواتریان لە مانگى ئابی رابردوودا بوو کاتێک شەش کۆچبەر بەهۆی نقوومبوونی بەلەمەکەیان خنکان.
بەلەمەکان بوەستێنن
هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سیاسەتی “بەلەمەکان بوەستێنن”ی راگەیاندووە و کردوویەتی بە کاری لەپێشینەی کابینەکەی، بەڵام هێشتا شەپۆلی بەلەمەکانی نەوەستاندووە.
بۆ ئەو مەبەستە بەریتانیا رێککەوتنێکی لەگەڵ فەڕەنسا واژۆ کرد بۆئەوەی رێگری لە شەپۆلەکە بکەن و بڕی 480 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخان کرا.
ئامارەکانى ساڵى 2023 شتێکى چاوەڕواننەکراو بوو
ئامارەکان ئەوە ئاشکرادەکەن کە لە 2018ـەوە تائێستا ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى بە بەلەمی چووپی پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا گەیشتووەتە 100 هەزار کۆچبەر.
یەکێتیى خزمەتگوزاریی کۆچبەران پێی وایە کەمکردنی ئامارەکە بەهۆی بەهۆى خراپیی کەشوهەوا و هەلومەرجى دەریا و شەپۆلەوە بووە.
لوسی مۆرتن، ئەندامى یەکێتییەکە بە رادیۆى بی بی سی گوتووە، ئامارەکانى ساڵى 2023 شتێکى چاوەڕواننەکراو بوو بۆ ئەوان چونکە کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی بوون.
یەکێتییەکە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2024دا رێژەى هاتنى کۆچبەر زیاتر بێت.