زووم..
عێراق لە 2023 دا بەچەندین قۆناغی سەخت و دژواردا تێپەری، هەرچەندە محەمەد شیاع سودانی دوای یەک ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق سوێندی یاسایی خوارد و لە کابینەکەی مستەفا کازمی 85 ملیار و زیاتر لە 100 تۆن زێڕی وەک میرات بۆ بەجێما، بۆیە عێراقییەکان هیوایان وابوو قەیران و ئاڵۆزییەکان کۆتایی بێت.
هەنگاوەکانی سودانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لە کارنامەی کابینەکەیەوە دەستیپێکرد
کردنەوەی دەرگای عێراق بەڕووی دەرەوەدا
ئامانجێکی سودانی، کردنەوەی دەرگای عێراق بوو بەڕووی دەرەوەدا، بەمەبەستی زیاترکردنی دەرفەتە سیاسی و ئابوورییەکان، رێکخستنی جامی کەنداو لەبەسرە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی کرانەوەی عێراق، بەو پێیەی 42 ساڵ بوو جامەکە لە عێراق رێکنەخرابوو.
یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی کابینەکەی سودانی، بەرزکردنەوەی بەهای دینار بوو بەرامبەر بە دۆلار، هەرچەندە بڕیارەکە لە ساڵی 2022 دەرکرا، بەڵام 12ـی حوزەیرانی 2023 بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق پەسەندکرا و ماددەی تایبەت بە بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار جێگیر کرا.
ئاڵۆزییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد
هەرچەندە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چەند ساڵێک بوو بەردەوام بوون، بەڵام لەدوای دەستبەکاربوونی سودانی هیوایەک لای بەرپرسانی هەولێر و بەغداد بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان دروستبوو، بەڵام ئەو هیوایەش هێندەی نەبرد و تائێستا پرسەکانی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی هاوڵاتییان بێچارەسەر ماونەتەوە و چاوەکان لەسەر هەمواری یاسای بودجەکەن.
لە 25ی ئازاری 2023 بەهۆی سکاڵای عێراق دژی تورکیا، دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاری راگرتنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەرکرد، ئەمەش لەمپەڕێکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغداد بوو بۆ گەیشتن بە چارەسەر، هەرچەندە لە کۆتایی نیسانی 2023 هەولێر و بەغداد رایانگەیاند لەسەر پرسی نەوت رێککەوتوون، بەڵام تا ئێستا پرسە داراییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و چارەسەر نەکراون.
لە 30ی ئایاری 2023، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم، بووە دڕکێکی دیکەی بەغداد لە قوڕگی هەولێردا، بەو پێیەی پێشتر پەرلەمانی کوردستان ماوەی خولی پێنجەمی درێژکردبووەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەئێستاشدا هێرشە درۆنییەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هێزەکانی پێشمەرگە لە پیرمام، بوونەتە نوێترین زنجیرەی نیگەرانییە دوولایەنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، بەو پێیەی ئەوانەی هێرشەکان ئەنجامدەدەن، گروپە چەکدارییە شیعییەکانی عێراقن.
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق دەڵێت، هێرشەکانی هەولێر و ئەوانەی دیکەش پەیوەندییان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە هەیە، بەگوتەی خۆیان، لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا بە درۆن و موشەک زیاتر لە 100 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
ئاڵۆزییەکانی عێراق
لە رۆژی 28ـی حوزەیران و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە، گەنجێکی عێراقی، قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش شەقامی عێراقیی تووڕە کرد و هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد، هەڕەشەکان بۆسەر نێردە نێودەوڵەتییەکان زیادیکرد و موقتەدا سەدریش بەئاشکرا هەڕەشەکانی دەستپێکردەوە و بەرپرسیارێتییەکەشی بۆ سودانی بەجێهێشت.
هەروەها لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2023دا توێژەرێکی ئیسرائیلیی بەڕەگەز روسی فرێندرا و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
هۆڵی هەیسەم و دەنگدانەوەی لە عێراقدا
یەکێکی دیکە لە رووداوەکان، ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییەی نەینەوا بوو، کاتێک لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە هۆڵێک ئاگرکەوتەوە و 120 کەس گیانیان لەدەستدا.
دوورخستنەوەی حەلبوسی و هەڵبژاردن
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق لە ساڵی 2023 دوورخستنەوەی حەلبوسی بوو لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و تائێستاش کەسێک وەک شوێنگرەوەی حەلبوسی دەستنیشان نەکراوە.
لەکۆتایی گۆڕانکاریە سیاسییەکانیشدا، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو و ئەنجامی کۆتایی راگەیەندرا، بەڵام پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان کەوتە ساڵی 2024ــەوە و لە زۆربەی پارێزگاکاندا پێویست بە گفتوگۆ و رێککەوتنی سیاسی هەیە بۆ دیاریکردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان.