زووم:
لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە، ئەمریکا هۆشدارییدا لە فراوانبوونی جەنگەکە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کرد، هەر وڵاتێک لەناوچەکە ببێتە هۆکاری فراوانبوونی جەنگەکە، واشنتۆن بێدەنگ نابێت.
بۆ نیشاندانی راستیی هەڕەشەکان، لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەر و دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیراڵد فۆرد، لەلایەن ئەمریکاوە رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست کرا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش بەڕوونی رایانگەیاند، مەبەست لەناردنی ئەو کەشتییە رێگریکردنە لە ئێران و حیزبوڵای لوبنانی بۆ ئەوەی نەبنە هۆکاری فراوانبوونی جەنگەکە.
کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی لەزاری بەرپرسێکی سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، لە رۆژانی داهاتوودا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە و ئەو گروپە کەشتییە هێرشبەرەی هاوڕێیەتی دەکەن، دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری نۆرفۆڵک لە ویلایەتی ڤێرجینیا.
بە گوێرەی کەناڵەکە ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، کشاندنەوەی فڕۆکەهەڵگرەکە پەیوەستە بە ئامادەکارییەکانی بۆ داهاتوو.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەرەڕای زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی، لێکەوتەی هەرێمی و ناوچەییشی بەدوای خۆیدا هێنا و گروپە چەکدارەکانی عێراق و سوریا و لوبنان هەڕەشە و هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی زیادیکرد، لەسەرەتاشدا ئەمریکا راشکاوانە رایگەیاند، ئیسرائیل بەتەنیا بەجێناهێڵن، بەڵام کەناڵی ئەی بی سی لە سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، کشاندنەوەی فڕۆکەهەڵگرەکە پەیوەستە بە ناڕەزایی و نیگەرانیی ئەمریکا لە بنیامین ناتانیاهو.
بەڵام تائێستا هیچ بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بەکشانەوەی فڕۆکەهەڵگرەکە ئامادەنین لێدوان بدەن و هۆکارەکەی روونبکەنەوە.