زووم:
باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق وەڵامی راگەیەنراوێکی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی هێرشەکەی پیرمام دەداتەوە و دەڵێت “حکومەتی فیدراڵی سەرسوڕمانی خۆی لەو راگەیەنراوە نیشاندەدات کە چەندین تۆمەتی ناواقعی و نابەرپرسارانەی لەخۆگرتووە”.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم پاش هێرشەکەی شەوی رابردووی پیرمام، کە بارەگایەکی پێشمەرگەی کردبووە ئامانج لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن لەو پارەیەی کە لە قوتی خەڵکی کوردستان دەبڕدرێت.
باسم عەوادی دەڵێت، لێدوانەکانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم “تێکەڵەیەک بوو لە زانیاری ناڕاست و فریودەر و تۆمەتی بیبنەما”.
دەشڵێت، پەلەکردن لە حوکمدان و لێدوانی بێدیقەت، بەشداردەبێت لە ئاڵۆزکردنی گۆرەپانی سیاسی و حکومی بەوپێیەی لێدوانەکان بنیادنەرنین و زیان بە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگەیەنن و یەکناگرنەوە لەگەڵ پلان و سیاسەتی حکومەت.