زووم:
هاوسەرگیری بە شێوەیەکی نەریتی بە ڕووداوێکی چارەنووسساز لە ژیان دادەنرێت بەڵام ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی هاوسەرگیری بەخۆیەوە بینیوە.
سەرەڕای ژمارەی دانیشتوانی ڕەگەزی بە نزیکەیی یەکسان، تا ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن گەنجی ئێرانی لە مەودای تەمەنی گونجاودان بەڵام هاوسەرگیریان نەکردووە و ئەمەش کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکانی زۆرە.
ئاستەنگە ئابوورییەکان گرنگترین کێشەن کە بێکاری، هەڵاوسان و ناسەقامگیری ئابووری، زۆرێک لە گەنجان لە هاوسەرگیری بێهیوا دەکات بەهۆی ئەو تێچووە زۆرانەی کە پەیوەندییان بە خانووبەرە و ڕێوڕەسم و مارەیی و ژیانی هاوبەشەوە هەیە، ئەمەش وا دەکات گەنجان کەمتر مەیلیان هەبێت بۆ ژیانی هاوبەش و بەدوای پەیوەندییەکی کاتی و ناجددیدا بگەڕێن.
نزیکەی 30%ی گەنجان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و تەنیا لە شارە گەورەکاندا دەژین.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی ماڵە تاکە کەسییەکان، لە2 % پێش شۆڕشی ئێران بۆ 7% لە ئێستادا بە گوێرەی ئاماری فەرمی، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ڕەوتی ژیانی تاکەکەسی. وەزارەتی وەرزش و لاوان دەڵێت نزیکەی 30%ی گەنجان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و تەنیا لە شارە گەورەکاندا دەژین.
دەرئەنجامەکانی دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیری بریتن لە کەمبوونەوەی توانای منداڵبوون و پیربوونی زۆرینەی کۆمەڵگا و بەرزبوونەوەی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئالوودەبوونی مادەی هۆشبەر، توندوتیژی، تاوان و کێشەکانی تەندروستی دەروونی و سێکسی.
بە پێچەوانەی کەمبوونەوەی هاوسەرگیری گەنجان بە شێوەی دڵخواز، لە بەرامبەردا هاوسەرگیری زۆرەملێی منداڵان لە زیادبووندایە
بە پێچەوانەی کەم بوونەوەی زەواجی گەنجان بە شێوەی دڵخواز، لە بەرامبەردا زەواجی زۆرەملێی منداڵان لە زیادبووندایە. بە گوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 30 هەزار هاوسەرگیریی زۆرەملێی منداڵان ڕوویداوە کە ئەوەش چەندین کێشە و نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات، شارەزایان دەڵێن ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە بەرزترە.
هۆکاری سەرەکیی زەواجی منداڵانیش هەر ئابوری و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگان و زۆربەی حاڵەتەکانیش شێوازێکن لە فرۆشتن یان دەرکردن لە ماڵ.
لە کاتێکدا کێشە کۆمەڵایەتیەکان هەموو چین و تەمەنێکیان سەرقاڵ کردووە، بەرپرسانی ئێران درێژە بە ناکۆکی لەگەڵ وڵاتانی تر و بەرزکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دەدەن.