زووم:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ رەشنووسێکی هەمواری یاسای بودجە نەگەیشتووەتە پەرلەمان و ئەوەی دەگوترێت تەنها قسەیە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زوومی رایگەیاند، چەند بیرۆکەیەک هەیە سەبارەت بە چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کە دیارترینیان ئەوەیە بخرێتە سەر خەرجیی حاکیمە، بەڵام بە فەرمی هیچ رەشنووسێک نەگەیشتووەتە پەرلەمان تا گفتوگۆی سەرەتای لەبارەوە بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەى رابردوو جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیران لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ هەموارى یاساى بودجەو بڕیارە رەشنووسێک بۆ هەموارەکە ئامادە بکەن.
سەبارەت بەگفتوگۆکانی نێوان نوێنەری مامۆستایان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هەموواری یاسای بودجە، نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای کۆتاییهاتنی پشووی وەرزیی پەرلەمانی عێراق لە ٩ی مانگی ١ی ساڵی داهاتوو، چاوەڕێی رەشنووسەکەی حکومەت دەکەن و پاشان گفتوگۆ و دانیشتنی جدی بۆ هەموارکردنەکە دەستپێدەکات.
رۆژى شەممە نوێنەرى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە شارى بەغداد لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەو داوایان لێکرد، کێشەى موچەى فەرمانبەران و مامۆستایانى هەرێم چارەسەربکات، کە بە گوتەى نوێنەرى ئەوان، کە ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووشى رایانگەیاند، سودانى بەڵێنیداوە بەهەموارکردنەوەى یاساى بودجە ئەو کێشەیە لە ساڵى نوێ چارەسەربکات.