زووم:
سەرباری درووستکردنی هاوپەیمانییەکەی ئەمریکا لە دەریای سوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی، بەڵام هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان زیاتر دەبێت، ئەوەتا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، دووجار هێرشیان کردە سەر کەشتییەک.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم رایگەیاند،، کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ چوار بەلەمی حووسییەکان پەلاماری کەشتییەکی بارهەڵگری دانیمارکییان بە ناوی “ماێرسک هانگژۆ” داوە و تا مەودای 20 مەتری لە کەشتییەکە نزیکبوونەتەوە.
سێنتکۆم، کە چاودێری دەریای سوور دەکات راشیگەیاند، وەڵامی داواکاریی فریاگوزاریی کەشتییەکەیان داوەتەوە و چەند هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی بە هانایەوە چووە، دوای ئەوەی چوار بەلەمەکە تەقەیان لێکردوون، ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە، ئەنجام سێ بەلەمیان تێکشکاندووە و ژمارەیەک لە هێرشکارانیان کوشتووە.
ئەوە دووەم هێرش بوو بۆ سەر کەشتییەکە، چونکە شەوی رابردووش حووسییەکان بە دوو مووشەکی بالیستی هێرشیان کردە سەری، بەڵام کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی، کە لە دەریاکەدا دەورییەی هەبوو، بەهانایەوە چووە و مووشەکەکانیان تێکشاندووە.
هێرشەکەی شەوی رابردوو دەبێتە 23یەمین هێرشی هاوشێوە
حووسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری وڵاتی یەمەنیان لەدەستدایە و لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، دەستیانکردووە بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی، کە بە دەریاکەدا هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی زۆری بۆ فراوانبوونی شەڕەکە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەى سێنتکۆم، هێرشەکەی شەوی رابردوو دەبێتە 23یەمین هێرشی هاوشێوە، کە حووسییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ سەر کەشتییەکان ئەنجامیان دابێت.
هەر دوای هێرشەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە هاوتا بەریتانی و هۆڵەندییەکەیدا قسەی کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە پێشێلی ئازادیی هاتووچۆی کەشتییەکان دەکات، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون و ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی چەندین وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو هێرشانە پێشێلی ئازادیی هاتووچۆی کەشتییەکان دەکات
هەفتەی رابردوو کۆشکی سپی تارانی بەوە تۆمەتبارکرد، بەوەى زۆر بە قووڵی دەستی هەیە لەو هێرشانەی دەریای سوور، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.
ئەمیر حسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو بارەوە رایگەیاند، “ئەمریکا خۆی شەڕی غەزە بە پشتیوانیکردنی ئسیرائیل فراوان دەکات.. یەمەنیش خۆی بڕیار دەدات و سەربەخۆیانە مامەڵە دەکات لەگەڵ پرسەکاندا.”