زووم..
ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بوو لە مێژووی تۆماری پلەی گەرمادا، هەربۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان وازی لە هۆشداریدان لە قۆناغی گەرمبوونی زەوی هێنا و کردی بە قۆناغی کوڵانی زەوی، مەترسیی سەرەکیش زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکانە!
– بوومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا (شوبات)
لە دیاریترین و کارەساتبارترین رووداوە سرووشتییەکانی 2023 بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات کە 11 پارێزگای تورکیا و چەند ناوچەیەکی سوریای هەژاند، گوڕەکەی 7.8 پلە بوو بە پێوەری رێختەر و چەند ناوچەیەکی وێرانکرد.
بوومەلەرزەکە زیاتر لە 50 هەزار کەسی لە تورکیا کوشت، لە سوریاش زیاتر لە هەشت هەزار کەس، ئەوە جگە لە برینداربوونی دەیانی هەزار کەسی دیکە، دۆخەکە بە شێوەیەک بوو، تورکیا ناچار بوو داوای بەهاناوەچوونی بەپەلەی نێودەوڵەتی بکات.
– زریانی گەرمێن و گێژەڵووکەیی باشووری ئەفریقا (ئازار)
لە مانگى ئازاردا و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، زریانی فرێدی دای لە ناوچە گەرمەکانى باشووری ئەفریقا بە تایبەت مۆزەمبیق و ماداگاسکاری و مالاوی، وێرانکاری و داڕمانی زەوی درووستکرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 کەس گیانیان لەدەستدا و کاریگەری لەسەر یەک ملیۆن هاوڵاتی دروستکرد.
– لافاوەکەی کۆنگۆی دیموکراتی (ئایار)
کارەساتی سروشتی وازی لە ئەفریقا نەهێنا، لە مانگی ئایاردا لافاوێکی بەهێز کۆنگۆی دیموکراتی گرتەوە و بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە لە پارێزگای کیڤۆی باشوور، زیاتر لە 400 کەس گیانیان لەدەستدا، هەروەها چەند گوندێک ژێرئاو کەوتن.
– لافاو لە رواندا (ئایار)
دیسان ئەفریقا و لە مانگی ئایاردا، شەستەباران و لافاو دای لە رواندا و لانیکەم 129 گیانیان لەدەستدا، كارەساتی گەورەی لە پارێزگاكانی باشور و رۆژئاوای رواندا خوڵقاند.
– زریان و بای بەهێزی مۆچا لە میانمار (ئایار)
هەر لە مانگی ئایاردا، زریان و رەشەبای بەهێزی مۆچا دای لە میانمار، خێرایی با گەیشتە 195 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و دەیان ماڵی رووخاند، هەزاران کەسی ناچار کرد ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و پەنایان بۆ قوتابخانە و بینا بەهێزەکان برد، بەهۆی زریانەکەوە لانیکەم 146 کەس گیانیان لەدەستدا.
– ئاگرەکەی هاوای لە ئەمریکا (ئاب)
ئەمجارەیان ئاگر، لە 10ی ئابی 2023دا ئاگرێکی بەهێز دارستانەکانی ویلایەتی هاوایی لە ئەمریکا گرتەوە و بەهۆیەوە 100 کەس گیانیان لەدەستداوەـ ناوچەکە بە تەواوی بووە خۆڵەمێش و زیانێکى زۆرى ئابوریی پێگەیاند، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ناچار بوو باری لەناکاو لە ویلایەتەکە رابگەیەنێت.
– بوومەلەرزەکەی مەغریب (ئەیلوول)
یەکێک دیکە لە کارەساتە سرووشتییە کاریگەرەکانی 2023 بوومەلەرزەکەی مەغریب بوو لە مانگی ئەیلوولدا، لانیکەم دوو هەزار و 964 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر ناوچەیەکی شاخاویی لە دووریی 72 کیلۆمەتر لە مەراکیش هەژاند کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شارەکانی مەغریب و ناوەندی گەرمی گەشتیاریی ئەو وڵاتەیە.
بەگوتەی شارەزایان، بوومەلەرزەکە بەهێزترین بووە لە ماوەی 120 ساڵی رابردوودا کە شانشینە ئەفریقییەکە بهەژێنێت.
– بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان (تشرینی یەکەم)
لە تشرینی یەکەمدا، بوومەلەرزەیەک بە گوری 6.3 چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی هەژاند و لانیکەم هەزار و 480 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، بوومەلەرزەکە چەندین گوندی تەختی زەوی کرد.
– بوومەلەرزەکەی نیپاڵ (تشرینی دووەم)
لە تشرینی دووەمیشدا، بوومەلەرزەیەک بە گوری 5.6 پلەی رێختەر نیپاڵی هەژاند و لانیکەم 157 کەس گیانیان لەدەستدا.