زووم..
ئەگەر لە رووی جەنگ و ململانێکانەوە، ناوێک بۆ ساڵی 2023 هەڵبژێرین، رەنگە “جەنگی غەزە” پڕ بە پێستی بێت، چونکە سەرباری ئەوەی لە مانگەکانی کۆتاییدا دەستیپێکرد، لەرووی وێرانکارییەکان و کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی بە تایبەت منداڵ، لە چەند دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانی دەوروبەری غەزە کە تێیدا 1200 سەرباز و هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران، سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینیی چڕی بۆسەر غەزە دەستپێکرد و جەنگێکی وێرانکەری خوڵقاند بە شێوەیەک تائێستا بەردەوامە و وا پێ دەنێتە ساڵی نوێوە.
لە ئێستادا سوپای ئیسرائیل لەناو غەزەدایە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ چەکدارانی فەلەستینی دەکەن، ئیسرائیل ماوەی سێ مانگە بۆردومانی هەڕەمەکی کەرتی غەزە دەکات، بەگوێرەی دواین ئاماری تەندروستیی کەرتەکە، 21.672 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و هەروەها 56.165 هەزاری دیکەش برینداربوون، ئامارەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە 70%ی قوربانیان منداڵ و ژنن.
هەرچەندە چەند رۆژێکی کەم ئاگربەست بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و زیندانییەکان ئاهێکی بە بەری خەڵکی غەزەدا هێناوە و ئومێدێکیشی بەخشییە جیهان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی کۆتایی، بەڵام دوای حەوت رۆژ شەڕ و پێکدادانەکان دەستیانپێکردەوە و لەئێستادا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ وەستانى بەدی ناکرێت، تەنانەت دوو رۆژ پێش سەری ساڵ، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە کە جەنگ بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردەوام دەبێت.
جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین
لە ساڵی 2023دا کە دووەم ساڵی بوو، سەرنجی هەمووان لەسەر دژەهێرشی سوپای ئۆکراین بوو بۆسەر روسییەکان، بەڵام هەم کییەڤ و هەمیش وڵاتانی رۆژئاوا کۆکن کە هێرشەکە زۆر بە خاوی رۆیشت و سەرکەوتنی ئەوتۆی بەدەستنەهێنا.
راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) دەڵێت، لە کۆی 360 هەزار سەرباز کە روسیا ناردوویەتی بۆ جەنگی ئۆکراین، 315 هەزاریان کوژراون یاخود برینداربوون، هەروەها لە کۆی 3.500 تانکیش، 2.200ی لەلایەن ئۆکراینەکانەوە تێکشکێنراوە.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین پێی وایە جیهان بەهۆی جەنگی غەزەوە سەرنجی لەسەر ئۆکراین لابردووە، کۆمارییەکانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپیش هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانیان بۆ کییەڤ راگرت، ئەوەش دۆخەکەی بۆ ئۆکراین سەخت کردووە و بەردەوام داوای دەکات.
هێرشی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا
لە ساڵی 2023دا و بە شێوەیەکی چڕ کە بێپێشینە بوو، تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانی بنکە و بارەگا و سەرکردەکانی پەکەکە و هەسەدەی کردووە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا.
بەپێی بەدواداچوونێکی زووم بۆ راگەیەنراوەکانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، لە ساڵى 2023دا، میت لەڕێگەى فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە 27 بەرپرس و ئەندامى باڵاى پەکەکەی لەناو خاکى هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکاندا کوشتووە.
لە رۆژئاڤاش، تورکیا بە چەند قۆناغێک بۆردومانی چڕی رۆژئاڤای کردووە، هەر لە کاروانی ئۆتۆمبێلی بەرپرسانەوە تا دەگاتە خاپوورکردنی ژێرخانی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەکان کە خوێندنگەشی تێدابووە.
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای نۆرس پرێس، لەسەرەتای ساڵی 2023 وە تا ئێستا 136 کەسی مەدەنی لە بۆردومانەکانی تورکیادا پێکراون، لەم ژمارەیە 32 کەسیان مردوون و 104 کەسیشیان بریندار بوون، کە کۆی پێکراوەکان دەگات بە 368 کەس و رێژەی 37٪ یان مەدەنی بوون، تورکیا خۆی بەمەبەستەوە ئەو کارەوە دەکات.
ململانێی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ
لە ناوەڕاستی ساڵی 2022دا، ئازەربایجان بە پشتگیری تورکیا، پەلاماری قەرەباغی دا و لە ماوەی 44 رۆژدا، پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنتڕۆڵکرد و لە ژێر دەستی ئەرمینیا دەرهێنا.
لە مانگەکانی تەموز و ئابی ساڵی 2023شدا، جەنگەکە جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە، دواتر هێزە چەکدارییەکانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ چەکیان دانا و ئازەربایجان دەسەڵاتی تەواوەتی لە هەرێمەکە چەسپاند.
شەڕی ناوخۆیی سودان
لە 15 نیسانی 2023ـەوە جەنگ لەنێوان هێزە چەکدارەکانی دوو جەنەڕاڵەکەی سودان عەبدولفەتاح بورهانی، فەرماندەى هێزە چەکدارەکان و محەمەد حەمدان دەقلو، فەرماندەى هێزەکانی بەرپەچدانەوەی خێرا دەستیپێکردووە و کارەساتی گەورەی لە وڵاتەکە خوڵقاند.
تەنیا لە شەش مانگدا، زیاتر لە پێنج هەزار کەسی مەدەنی کوژراون و شەش ملیۆن کەسیش ناچار بوون لەناوخۆدا ئاوارە بن، نزیکەی دوو ملیۆنیش رێگای وڵاتانی دراوسێیان گرتەبەر و زێدی خۆیان بەجێهێشت. ئەم وڵاتە گەورەیەش بە جەنگێکی نێوخۆی سەرتاسەریی نێوان براکانەوە دەچێتە ساڵی نوێوە.
پشێوی و کودەتاکان لە وڵاتانی ئەفریقایی
جیاواز لە دەنگ و شەڕەکان، ساڵی 2023، کیشوەرە ئەسمەرەکە، زنجیرەیەک ئاڵۆزی و کودەتا و گۆڕانکاری گەورەى سیاسی بەخۆوە دی، بەتایبەت لە وڵاتانى ناوەراستى ئەو کیشوەرە.
یەکەم کودەتاکەى نەیجەر بوو کە مانگى تەموز و ئەوی دیکەیان کودەتاکەى گابۆن بوو لە کۆتایی مانگی ئابدا.
لەکۆتایی رۆژەکانى مانگى ئەیلولیشدا، لە بورکینا فاسۆ، هەوڵێکى کودەتا لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانى ئەو وڵاتەوە سەرکوتکرا و دەیان ئەفسەری باڵای سوپا بەو تۆمەتە دەستگیرکران و بەشێکیشیان هەڵاتن، سوپای فەڕەنسا ناچارکرا لە نەیجەر بکشێتەوە.