زووم:
بەپێی زانیارییەکانی زووم، هەڵبژاردنی رێکخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆران بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، ئەوەش بەهۆی رێکنەکەوتنی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر کاندیدێک بۆ رێکخەری گشتی.
بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە چڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، رێکخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت، بەڵام دوو سەرچاوەی ئاگاداری ناو بزووتنەوەکە تایبەت زوومیان گوت، بەهۆی ناکۆکی و رێکنەکەوتنی بەشێک لە سەرکردەکان لەسەر دیاریکردنی کاندێک بۆ رێکخەری گشتیی، هەڵبژاردنەکە دواخرا.
بە گوتەی دوو سەرچاوەکە، بەشێک لە سەرکردەکان ناڕازین لەوەی عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەکە فۆڕمی خۆکاندیدکردنەوەی پڕنەکردووەتەوە و دەیەوێت جارێکی دیکە، وەک رێکخەری گشتی لەلایەن چڤاتی نیشتمانییەوە هەڵبژێرێتەوە.
دەشڵێن، چەند کەسێک دەیانەوێت هیچ کەسێک فۆڕمی خۆکاندیدکردنەوە پڕنەکاتەوە بۆ ئەوەی عومەری سەید عەلی جارێکی تر بەبێ رکابەر ببێتەوە بە ڕێکخەر.
لە دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، کە لە ساڵى 2021 بەرێوەچوو، “بەهۆى ئەنجامە خراپەکانى بزووتنەوەى گۆڕان” لەو هەڵبژاردن، کە هیچ کورسییەکى بەدەستنەهێنا، رێکخەرى گشتى گۆڕان، کە عومەر سەید عەلى بوو، لەگەڵ ئەندامانى خانەى راپەڕاندن دەستیان لەکارکێشایەوە.