زووم:
گەرمای ئەمساڵی زەوی مێژوویی و بەرزترین بوو، بەڵام کۆتایی بە چیرۆکەکە نەهاتووە و پێشبینییەکان دەڵێن 2024 گەرمتر دەبێت.
لە 2023، گۆڕانی ئاووهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی کارەساتی سروشتیی زۆری بەدواداهات، لە لافاوەکانی چین و لیبیاوە، بۆ بومەلەرزەکانی تورکیا و ئەفغانستان و ئاگری دارستانەکانی یۆنان و هاوایی ئەمریکا.
ناونیشانی سەرەکیی کەشوهەوای ئەمساڵ، تۆمارکردنی بەرزترین پلەی گەرمیی تۆمارکراوی زەوی بوو، بەڵام ژمارە پێوانەییەکە بەرامبەر بە گەرمیی چاوەڕوانکراوی ئەمساڵ چۆک دادەدات.
زانایانی زانکۆی تەکساسی ئەمریکی پێشبینییان بۆ کەشوهەوای ساڵی داهاتوو کردووە، ئەندرۆ دایسلەر زانای کەشناسی لەوبارەیەوە قسەی بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس کردووە، دەڵێت، “ساڵی 2024 گەرمتر دەبێت لە 2023”.
بەگوێرەی توێژینەوەکەی زانکۆی تەکساس، دۆخی توندتر و خراپتر بەڕێوەیە، پلەکانی گەرما لە 2024 بەجۆرێک بەرزدەبنەوە لەمێژوودا بێوێنە دەبێت، مەترسیی وشکەساڵی و سووتانی دارستانەکان زیاتر لەئارادا دەبن .
زانکۆکە باسی لە جیاوازیی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، دەڵێت، لەئێستادا لەهەندێک ناوچەی ئەمریکا پلەکانی گەرما زۆر نزمبوونەتەوە، لە نموونەی ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دیکە تا ئێستا پەلەکانی گەرما زۆر بەرزە، بەتایبەت لە باشووری ئەمریکا، تەنانەت لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە زیاتر لە 47 پلەی سیلیزی.
لە ئەوروپاش دۆخەکە بەهەمان شێوەیە، ساڵی 2023، لە کیشوەرەکە بەرزترین پلەکانی گەرما تۆمارکراون و نزیکەی نیوەی رووبارەکانی ئەوروپا وشکیانکرد، لەوانە روباری دانوبی گەورەترین روباری ئەوروپا، هەروەها چەندین ناوچەی گەشتیاری و وەرزشی زستانە بەهۆی کەمی بەفربارینەوە داخران، دیاردەیەک کە ئەوروپییەکان لەسەری رانەهاتوون.