زووم:
مامی ئەو گەشتیارە کوەیتییەی لە عێراق گیانی لەدەستدا، دەڵێت، گوماندەکەن برازاکەی بە گوللـە کوژرابێت و دواتر سووتابن، لەکاتێکدا عێراق رایگەیاندبوو، بۆمبیان پێدا تەقیوەتەوە.
تەرمی ئەو دوو گەشتیارە کوەیتی و سعودییەی چەند رۆژی رابردوو لە عێراق گیانیان لەدەستدا، لە وڵاتەکانیان بەخاکسپێردران.
برازاکەم لەگەڵ هاوڕێکەیدا بە گوللـە کوژراون
لەسەر ئاستی نافەرمی و لەنێو سعودی و کوەیتییەکان گومان لەسەر گیانلەدەستدانی دوو گەشتیارەکە دروستبووە، دوای بەخاکسپاردنی تەرمی گەشتیارە کوەیتییەکە، ساڵح ئەلموتەیری، کە مامی قوربانییەکەیە و پزیشکە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گومان دەکات برازاکەی لەگەڵ هاوڕێکەیدا بە گوللـە کوژرابێت.
پزیشکەکە دەڵێت، راپۆرتە پزیشکییەکەی حکومەتی عێراقی بینیوە و تیایدا هاتووە، ئەو کەسانە بە “پرژی تیژ” کوژراون و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان سووتاوە، “پرژی تیژیش گولـلەیە، بۆیە سووتاندنەکە پاش کوژرانیان ڕوویداوە، ئەمەش غەدرێکی گەورەیە”.
پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، دوو گەشتیارەکە بۆمبی پاشماوەی داعشیان پێدا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە خۆیان و ئۆتۆمبێلەکەیان سووتاون.