زووم:
عێراق بەنیازە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتی چین، 15 شار نیشتەجێبوون دروستبکات بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و چینی مامناوەند، لە یەکەم هەنگاودا گرێبەستێکی بە بەهای دوو ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیادا واژۆکرد بۆ دروستکردنی شارێک لەنزیک بەغدادی پایتەخت، کە 30 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت.
هاوکات گرێبەستی دروستکردنی چوار شاری دیکەش لەماوەیەکی نزیکدا لە پارێزگاکانی کەربەلا، ئەنبار، نەینەوا و بابل و 10 شاری دیکەش لە ساڵی داهاتوودا واژۆ دەکرێن.
ئەو شارەی کە گرێبەستەکەی بۆ ئەنجامدراوە، بڕیاروایە زانکۆ، ناوەندی بازرگانی، قوتابخانە و بنکەی تەندروستیی تیادا دروستبکرێت، هەموو ئەمانەش لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتوو تەواودەکرێن.
لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتوو تەواودەکرێن
گرێبەستەکە بە هاوبەشیی کۆمپانیای شەمس ئەلبینای عێراقی و دوو کۆمپانیای دیکەی چینیدا واژۆکراوە، پلانی دروستکردنی ئەو شارانە لەکاتێکدایە لەم چەند ساڵانەی دواییدا هاتنی کۆمپانیا چینییەکەن بۆ عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، کە لەبوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، بنیادنان و بەرهەمهێنانی نەوتدا کاردەکەن.
بەشێوەیەکی گشتیش هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەوڵەکانی چین بۆ پەرەپێدانی پرۆژەی رێگەی ئاوریشمی کە لە ساڵی 2013وە لە وڵاتانی ئاسیادا دەستی بەکارەکانی کردووە.