زووم:
وەزارەتى دارایی وەڵامى میدیاى فەرمى گۆڕانى دایەوەو رایگەیاند، کەناڵی کەی ئێن ئێن لە میانی راپۆرتێکدا چەندین داتاو زانیاری هەڵەی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شێوازی دابەشکردنی مووچە خستووەتەڕوو، کە سەرجەمیان خەیاڵی ئامادەکاری راپۆرتەکە بووەو بەئارەزوی خۆی هۆنیویەتییەوە.
بە گوێرەى روونکردنەوەیەکى وەزارەتى دارایی، کە ئەمرۆ هەینى بڵاویکردووەتەوە، بەدرێژایی ساڵی 2023 وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 10 مووچەی تەواومان دابەشکردووە، کە مووچەیەکیان هی مانگی 12ـی ساڵی 2022 بووەو 9 مووچەشیان هی ساڵی 2023 بووە.
هەر بە گوێرەى روونکردنەوەکە، لەساڵی 2023 حکومەتی عێراق تەنها 4 ترلیۆن و 289 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە لەو ژمارەیە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری وەک قەرز بووەو 598 ملیار دیناریشی وەک شایستەی هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیران هەژمار کراوە.
وەزارەتى دارایی هەرێم، لە روونکردنەوەکەدا باسى پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوجەی ساڵی 2023 عێراق کردووەو رایگەیاندووە، نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بووە، بەڵام “بەپێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە کۆی ساڵەکە، کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی تەرخان کردووە نزیکەی ( 6 ترلیۆن و 300 ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی ( 11 ) ملیار دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی 5 ترلیۆن دینارەو دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران ومووچەخۆرانی هەرێم .
باسى لەوەش کردووە، یەکێک لە کێشە گەورەکانی یاسای بودجەی 2023 عێراق بزونی بڕگەی ئینفاقی فیعلی ( خەرجی کرداری) بوو، کە بەپێی ئەو بڕگەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 مانگانە لە دەوروبەری 500 ملیار دینار تێپەڕناکات، لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لە راپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون، ئەوە جگە لە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی ( 25 ) ملیار دینارە.
هەروەها روونیکردووەتەوە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی زۆرەی بۆ مووچە دروست بوو بوو ئەگەر لە 100٪ داهاتی ناوخۆش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە تەرخان بکەین هێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین، بۆیە هەندێک مانگ ناچاربوین داهاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتهێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین، کە کورتهێنانەکە نزیکەی 340 ملیار دینار بوو.
لەبارەى داهاتى ناوخۆوە وەزارەتى دارایی رایگەیاندووە، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کورستان مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارەو لەساڵێکدا نزیکەی 4 ترلیۆن دینارە بە پێی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، کە بەشی زۆری ئەو داهاتە لە پێنج سەرچاوەی سەرەکییەوە بەدەست دێن، بەڵام بەشێکی ئەو داهاتە ئەمانەت و چەک و قەرزەو دوای لێدەرکردنی پشکی وەزارەتەکان، کە بەپێی یاساو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆیان تەرخان کراوە، ئەوەی وەک کاش دێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی مانگانە نزیکەی 170 بۆ 200 ملیار دینارە.
هاوکات ئەوەشى روونکردووەتەوە، کە “زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2023 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو 10 مووچەیە بەکارهێنراوە، کە بەدرێژایی ساڵی 2023 دابەشکراوە، پاشماوەکەشی بۆ خەرجیەکانی بەکاربردن ( پێشینەو خەرجی مانگانەی دام و دەزگاکانی حکومەت ) دەڕوات و شتێکی ئەوتۆی بۆ خەرجی وەبەرهێنان نامێنێتەوە.
ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە میدیاى فەرمى گۆڕان، راپۆرتێکى لەبارەى دابەشکردنى موچە بڵاوکردەوەو رایگەیاند، وەزارەتى دارایی “دەیتوانى بەداهاتى ناوخۆ لەمساڵدا موچەیەکى تر بدات، بەڵام نەیداوە”.
وەزارەتەکە لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی بەئەنقەست ئەم زانیارییە نادروستانە بڵاودەکەنەوە هیچ خزمەتێک بە دۆخی مووچەخۆران و ئابڵوقە ئابووریەکەی ناکەن، “دروشمی پۆپۆلیستی هیچی لێ بەرهەم نایەت، تێ ناگەین ئەو درۆو چەواشەکاریانەی لەسەر پرسی مووچەو داهاتی ناوخۆ بڵاودەکرێتەوە ئاوێکەو ئەکرێتە چ ئاشێکەوە، ئەگەر ئەو مزایەدەو چەواشەکاریانە سودی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران نەبێت کێ سودی لێ دەبینێت”، جەختیشیکردووەتەوە، هەر راگەیاندن و دامەزراوەیەکی میدیایی داتاو ئاماری نادروست لەسەر داهات و خەرجی دام و دەزگاکانی حکومەت بەمەبەستی شێواندنی رای گشتی و تێکدانی دەرونی مووچەخۆران و فەرمانبەران بڵاوبکاتەوە بەمافی خۆمانی دەزانین رووبەڕوی یاسای بکەینەوە بەمەبەستی سەلماندنی.
ئەمە لەکاتێکدایە بزووتنەوەى گۆڕان بەشێکە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەشدارە لە دەسەڵات، کە جگە لە وەزارەتى دارایی هەریەکە لە وەزارەتەکانى ئاوەدانکردنەوەو بازرگانى و چەند دەستەیەک لەلایەن بەرپرسانى بزووتنەوەکەوە بەڕێوەدەبرێن.