جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانى وەڵامى حکومەتى ناوەندین بۆ ناردنى شاندێک بۆ بەغداد. شاندەکە لە وەزیرەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان پێکهاتووە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سێشەممەى رابردوو، نیازی حکومەتەکەى دەربڕی بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى لەگەڵ حکومەتی هەرێمى کوردستان، دواى ئەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان شاندەکەى بۆ دانوستان پێکهێنا.
سودانی رایگەیاند “خواستێکی جدی هەیە لەلایەن هەرێمی کوردستان، کە هەستمان پێکردووە و لای ئێمەش هەیە بۆ یەکلاکردنەوەو چارەسەر دۆسیەکانی نێوانمان، بە جۆرێک کە دادپەروەری بۆ هەموو لایەک برەخسێنێت و هەرێم و بەغداد پەیوەندیەکانیان لە ژێر سەقفی دەستوور”
حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک دەنێرێتە بەغداد
رۆژێک دواتر و لە 9ی تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران شاندێکی دانوستان پێکهێندرا بۆ سەردانی بەغداد.
پێکهاتەى شاندەکە ئەمانەن؛ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابورى، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى.
بەگوێرەى راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران، شاندەکە راسپێردراون “لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت بکەنەوە لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردراوە”.
ئەمڕۆ جوتیار عاد، گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا گوتى، چاوەڕوانی وەڵامى حکومەتى ناوەندین تاوەکو بچینە بەغداد.
سودانی تەنها باس لە دوو دۆسیە دەکات و گوتەبێژی حکومەتی هەرێم زیاتر
سودانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەکەى سێشەممەی رابردوو تەنها ئاماژەی بە دوو دۆسیەدا، یەکەمیان نەوت و گاز، کە بە “گرنگترین” وەسفی کرد و گوتی داوامان لە وەزارەتی نەوت کردووە رەشنوسی یاسایەک ئامادە بکەن تاوەکو لەگەڵ حکومەتى هەرێم گفتوگۆی لەسەر بکەین، دواتر بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان بۆ پەسەند کردن.
سەبارەت بە بودجەش گوتی ” لە پرۆژە یاسای بودجەدا، حکومەتی هەرێم وەک چۆن داوای مافەکانی دەکات ئاواش بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شان، پێویستە هەرێم پابەندیە دەستوریەکانی جێبەجێبکات تاوەکو حکومەتی عێراقیش هەڵبستێت بە ئەرکە داراییەکانی”.
ئەمڕۆ جوتیار عادل، رونکردنەوەى زیاترى لەبارەى دانوستانەکان خستەڕوو، ئەو
رایگەیاند، بودجە، نەوت و گاز، مادەی 140، یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی ناوەندی، شایستە دەستوریەکانی پێشمەرگە ئەو بابەتانەن، کە لەگەڵ بەغداد باس دەکرێن.
بەغداد هیچ بیانوویەکی نەماوە
جوتیار عادل گوتیشی، لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لەسەر کۆی بابەتەکان رێککەوتن پێشتر کراوە و شەش مانگ دانراوە بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام دەچینە بەغداد بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
ئەو گوتی “بەغداد هیچ بیانوویەکی نەماوە تاوەکو لەگەڵمان رێکنەکەوێت و چاوەرێی وەڵامی ئەوانین بۆ دانانی کاتێک بۆ ئەوەی شاندەکەمان بچێتە بەغداد”
بەرنامەی کاری سودانی
لە بەرنامەی کاری سودانی تایبەت بە پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم ئەم خاڵانە هاتبوون:
- حکومەتی ناوەند پڕۆژەیەک پێشنیاز دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەى بەندەکانی دەستور، بەتایبەتى ئەوەی پەیوەستە بە یاسای نەوت و گاز و هەموارکردنی یاساکە.
- حکومەتی ناوەندی چارەسەری ناڕونی پەیوەندی نێوان خۆی و حکومەتە خۆجێییەکان و حکومەتی هەرێم دەکات.
- جەختکردنەوە لە هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە هەر بابەت و دۆسیە و بڕیارێک، کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان.
- لایەنە سیاسیەکان بە پاڵپشتیان لەم بەرنامەیە، حکومەتی ناوەند و هەرێم سەرپشک دەکەن دانوستان بکەن لەسەر مەلەفی نەوت وبودجە تاوەکو کاتی جێبەجێکردنی یاسای نەوت و گاز بە پێی دەستور و لە ماوەی شەش مانگ.
- لیژنەی شارەزا لە لایەن حکومەتی ناوەند و هەرێم درووستدەکرێت، کە بە یاسای نەوت و گازدا بچنەوە و بەگوێرەى دەستور ئالیەتەکان دابنێن، دواجار پڕۆژەیاسای نەوت و گازی هەموارکراو بخەنە بەردەم پەرلەمان.