زووم:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دیارترین گۆڕانکارییەکانی نێو یاسای بودجەی 2024 ئاشکرادەکات و دەڵێت، ھێزە سیاسییەکان ھەڵپەی ئەوە دەکەن بەندەکانی بودجە دەستکاری بکرێت بەتایبەت ھەرێمی کوردستان ئەو خواستەی هەیە و دەیەوێت گۆڕانکاری لە بابەتی “خەرجی راستەقینە” بکات.
مستەفا کرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی گوتووە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ھیچ نووسراوێکی نەناردووە، تایبەت بە بودجەی 2024، بەڵام بەگشتی چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت پێداچوونەوە بە بابەتی داھات و خەرجییە گشتییەکان و رێژەی کورتھێنان لە بودجەی تازەدا بکرێت، ئەوەیش بە پشتبەستن بەو ئەگەرەی نرخی نەوت و رێژەی ناردن بەرزببێتەوە وەک ئەوەی ئۆپێک باسی دەکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی روونیدەکاتەوە، ئەگەر ئەوەی ئۆپێک رووبدات، گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر کۆی گشتی بودجەی عێراق دروست دەکات.
کرعاوی دەشڵێت، قەبارەی خەرجییە دابەشکراوەکان بەسەر خشتەکانی دیکە بەپێی بڕی داھات و ئەو بڕە پارەیە دەبێت، کە لەبەردەستدایە، ھەر لەسەر ئەوەش دابەشکردنەوەی خشتەکان ئەنجامدەرێت، دواتر گۆڕانێکی گەورە لەکۆی خشتەکانی بوجەدا دروست دەبێت.
دەشڵێت، ھێزە سیاسییەکان ھەڵپەی ئەوە دەکەن بەندەکانی بودجە دەستکاری بکرێت، بەتایبەت ھەرێمی کوردستان ئەو خواستەی هەیە لەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە خەرجی راستەقینەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، لیژنەی دارایی سوورە لەسەر ئەوەی بۆ بابەتی خەرجییە راستەقینەکان دادپەروەری لەنێو پارێزگاکاندا پیادەبکرێت، دەشڵێت، ئەو خاڵە کرۆکی ناکۆکییەکان دەبێت کە لە داهاتوودا گفتوگۆکانی پەیوەست بە بودجە بەخۆیەوە دەبینێت.
لە بودجەی 2023دا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ناکۆکی لەنێوان حکومەتی هەرێم و عێراق دروستبوو، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا لەسەر بنەمای “خەرجی راستەقینە” پارەی مووچە رەوانەی هەرێم بکات، کە مانگانە دەیکردە دەوروبەری 500 ملیار دینار، بەڵام حکومەتی هەرێم بەوە رازی نەبوو، داوایدەکرد بەگوێرەی خشتەکانی نێو یاسای بودجە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت کە مانگانە دەکاتە 906 ملیار دینار.
پاش مشتومڕ و دانووستانێکی زۆر، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا حکومەتی عێراق بڕیاری دا دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار “هەر مانگەی 700 ملیار” بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەوکاتەی لە هەمواری یاسای بودجەی 2024دا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
کرعاوی باسی لەوەشکرد، هیواخوازن دوای کۆتایی پشووی پەرلەمانی عێراق، هەمواری بودجەی 2024 رەوانەی پەرلەمان بکرێت، تا بەشێوەیەکی خێرا ھەمواربکرێتەوە.
سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی لە بوجەدا، کرعاوی دەڵێت، ھیچ بڕیارێکی فەرمی لەوبارەیەوە نییە، بەڵکو تەنھا رێکخستەوەی پرۆسەی دابینکردنی سووتەمەنییە لەڕێگەی گۆڕینی شێوازی پارەدان لە کاشەوە بۆ ئەلیکترۆنی.