زووم:
سوپای تورکیا شوێنی کارکردنەکانی خەڵک و ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی و ئەو شوێنانە بەئامانج دەگرێت، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو، خوێندن بۆ هاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان دابیندەکەن، ئەوەش بە گوێرەی بەدواداچوونێکی دەزگای نۆرس پرێس.
دەزگاکە لە بەدواداچوونەکەیدا باسی لەوە کردووە، لە سەرەتای ساڵی 2023ـوە چاودێریی ئەو هێرشانەی سوپای تورکیای کردووە، لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیداوە، بە تایبەت لەو ناوچانەی ئیدارەی خۆسەر دەسەڵاتی تێدا هەیە، روونبووەتەوە زۆربەی ئەو ناوچانەی بۆردومانکراون، بریتیبوون لە ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی، شوێنی دابینکردنی خزمەتگوزاری و چەند شوێنێکی تری گشتی.
تورکیا لە هیچ کام لە ئەم پەلامارانەیدا یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤی لەبەرچاو نەگرتووە
بە گوێرەی بەدواداچوونەکە، تورکیا لە هیچ کام لە ئەم پەلامارانەیدا یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤی لەبەرچاو نەگرتووەو گوێی بەو پەیماننامانە نادات، کە فەرزی دەکەن خەڵکی مەدەنی پارێزراوبێت.
ئەو راپۆرتە چوار نموونەی باس کردووە، کە لە کات و شوێنی جیاوازدا تورکیا تەقەی لە ماڵی خەڵک و شوێنی کارکردن و ئۆتۆمبێلی مەدەنی کردووە، یان چەک و تەقەمەنیی وەهای بەکارهێناوە، کە بڵاوبوونەوەی پرژ و پارچەکانیان خەڵکی بێلایەنی کوشتووە.
تیمی ئەو راپۆرتە دیداری رووبەڕوویان لەگەڵ 42 کەسدا ئەنجامداوە، کە هەموویان کەسانێک بوون لە بۆردومانەکانی تورکیا دەربازبوون، یان مافپەروەر و چالاکی مەدەنی بوون، یاخود ئەندامی ئەو خێزانانە بوون، کە بەبێ هۆکار ماڵەکانیان بۆردوومان کراوە.
لە قسەکانی ئەوکەسانەوە دەرکەوتووە، کە بازنەی پەلامارەکانی تورکیا بێ مانا فراوانکراونەتەوە، بە تۆپهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خەڵکی مەدەنیی زۆریان کوشتوە.
راپەرتەکە لە چوار بەش پێکدێت، کە چەند ئامارێکی گشتییە لەبارەی ئەوەی “چۆن تورکیا هەڵوێستی دوژمنکارانەی لەپێش چاو گرتووە، تەنانەت هەوڵی کارکردنی رێکخراوە مرۆڤدۆستەکانیشی نەبواردووە و لێی داون”.
تورکیا دامەزراوەکان و ژێرخانی ئابووریشی بە ئامانجگرتووە
بەشی دووەمیش باسی لەوە کردووە، تورکیا دامەزراوەکان و ژێرخانی ئابووریشی بە ئامانجگرتووە، واتە مەبەستی ئەوەیە زیانی درێژخایەن بگەیەنێت بە خەڵکی ئەو هەرێمە، کە خۆیان لە پاش 12 ساڵی شەڕ و کوشتارەوە ژێرخانی ئابوورییان زۆر لاواز بووە.
هەرچی بەشی سێیەمە تایبەت بووە بەو هێرشانەی بەشێوەی راستەوخۆ خەڵکی مەدەنییان کردوووەتە ئامانج، بەتایبەتی ئەوانەی کاری کرێکاری و وەرزێری و جوتیارییان کردووە.
هەروەها بەشی چوارەمی راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر بەشی یاسایی ئەو پێشێلکارییانە، کە هەموویان جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی پێشێل دەکەن.
ئەنجامی راپۆرتەکە ئەوە بووە، لەسەرەتای ساڵی 2023 وە تا ئێستا 136 کەسی مەدەنی لە بۆردومانەکانی تورکیادا پێکراون، لەم ژمارەیە 32 کەسیان مردوون و 104 کەسیشیان بریندار بوون، کە کۆی پێکراوەکان دەگات بە 368 کەس و رێژەی 37٪ یان مەدەنی بوون، تورکیا خۆی بەمەبەستەوە ئەو کارەوە دەکات.
لەسەرەتای ساڵی 2023 وە تا ئێستا 136 کەسی مەدەنی لە بۆردومانەکانی تورکیادا پێکراون
هەروەها 7 ژن و 5 منداڵ لەو پەلەمارانەدا کوژراون، 13 ژن پێکراون و 15 منداڵیش برینداربوون، کە تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 17 ساڵیدا بووەو رێژەی 78٪ـی ئەو شوێنانەشی، کە بۆردوومان کراون، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک بوون، کە بۆ ئەو راپۆرتە هەڵسەنگاندن بۆ 906 شوێنی بۆردومانکراو ئەنجامدراوە، 14 شوێنیان هی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاساییش بوون، 64 شوێنیشیان بنکەی دامەزراوە حکومییەکان بوون.