زووم:
حکومەتی تورکیا کەمترین بڕی مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەتی بۆ ساڵی داهاتوو دیاریکرد، کە بڕی 17 هەزار و دوو لیرەیە، بەڵام سەندیکای کرێکاران و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بڕەکە بە کەم دەزانن و دەڵێت، کێشەی بژێوی خەڵک چارەسەرناکات.
ڤێدات ئشکهان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا، کەمترین مووچەی لە لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ ساڵی 2024 داهاتوو دیاریکرد، کە 17 هەزار و 2 لیرەیە، کە بەرامبەر بە دۆلار دەکاتە نزیکەی 580 دۆلاری ئەمریکی.
ساڵانە لە پاش پەسەندکردنی بودجەی تورکیا لە پەرلەمان، بەگوێرەی داهاتی ئەو وڵاتە حکومەتی تورکیا کەمترین بڕە موچە دیاریدەکات.
ئەم بڕەی وەک مووچە دیاریکراوە، بۆ ئەو کەسانەیە لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، وەزیری کار و کاروباری تورکیا دەڵێت، نابێت لەو بڕەی دیاریکراوە مووچە کەمتر بێت.
ئەرگون ئەتاڵای، سەرۆکی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا رەخنەی هەیە و دەڵێت، پێشنیازیان بۆ حکومەت کردووە کەمترین مووچە بکرێتە 18 هەزار لیرە.
ئەم بڕەی ئێستا دیاریکراوە، پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرایکردبوو، بڕەکەی 17 هەزار و 2 لیرە دەبێت، واتە بەڕێژەی 49% زیاد دەکرێت.
لەمساڵدا کەمترین مووچەی کەرتی تایبەت لە تورکیا 11 هەزار و 400 لیرەیە، کە دەکاتە نزیکەی 390 دۆلار.
گەمزە تەشچیلەر، پارلەمانتاری جەهەپە، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە، لەبارەی دیاریکردنی کەمترین مووچە، رەخنە دەڵێت، کۆمیسیۆنی پارلەمان بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچە، گوێی بە پێشنیازی پارتەکانی دیکە نەداوە، بڕیارەکەش حکومەتی ئاکپارتی و خودی ئەردۆغان دەریان کردووە.
هاوکات تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەو بڕەی حکومەت وەک کەمترین دیاریکردووە، کەمە و کێشەی بژێویی خەڵک چارەسەر ناکات.
زیادکردنی مووچەکە هاوکاتە لەگەڵ بەزربوونەوەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا، کە بەگوێرەی ئاماری حکومەتی تورکیا رێژەکە گەیشتووەتە 62%.